ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لە ساڵانی حەفتا و هەشتا و سەرەتای نەودەکاندا، کار و بەرهەمەکانی نووسەری ناسراوی ئینگلیزی (کۆڵن ویلسۆن) ناوبانگی زۆری لەناو توێژی خوێندەوار و رۆشنبیرانی عیراقدا هەبوو، بەتایبەتیش لەناو گەنجاندا. هەندێک پێیانوابوو، حکومەتی بەعس رۆڵی سەرەکیی هەبوو لە رەواجدان بە کتێبەکانی ئەم نووسەرە، چونکە کوڵین ولسۆن لە کتێبەکانیدا هانی ژیانی هیچگەرایی و سەرگەردانی و بۆهیمی دەدا، ئەمەش وایدەکرد گەنجەکان لە بیری کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕیی دووربکەونەوە، کە لەو ساڵانەدا زۆر باوی بوو. یەکێک لە بەرهەمە ناسراوەکانی ئەم نووسەرە رۆمانی(سەرگەردان لە سۆهۆ)یە، کە ساڵی 1961 نووسیویەتی، ئێستاش لەلایەن(وەهاب عەبدوڵڵا)ەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردیی و ناوەندی رەهەند لە سلێمانی چاپی کردووە.
ژیانی بۆهیمی
هاری پرێستن کوڕێکی گەنجی ئینگلیزە، پاش مانەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ لە هێزی ئاسمانی شاهانە، لە کارەکەی دەردەکرێت و دەگەڕێتەوە شارۆچکەکەیان.
هاری خەونی نووسینی شانۆیەک یان رۆمانێک دەچێتە مێشکییەوە، وابیردەکاتەوە لە ماوەی شەش مانگدا دەتوانێت ئەو کارە بکات، بەڵام دواتر بۆی دەردەکەوێت کە نووسینی رۆمانێک یان شانۆیەک، هەروا کارێکی ئاسان نییە. بۆیە دووبارە دەستدەکاتەوە بە کارکردن لە کارگەیەکدا و هەوڵدەدات لەگەڵ ژیانی کرێکارییدا خۆی بگونجێنێت، بەڵام لەپڕ باپیری دەمرێت، ئەمەش زۆر کاری تێدەکات، بۆیە دواجار بڕیار دەدات واز لە کارەکەی بهێنێت و شارۆچکەکەیان بەجێبهێڵێت و بەرەو شاری لەندەن بڕوات تاوەکو لەوێ بەختی خۆی تاقیبکاتەوە، لەندەن دەبێتە شاری خەونەکانی. دوای سووڕانەوە بەناو شەقام و کۆڵانەکانی شاردا، دواجار ژوورێکی لە ماڵێکدا دەستدەکەوێت، بەڵام لێرەش زۆر نامێنێتەوە چونکە دەچێتە گەڕەکی سۆهۆ، لەوێ بە بازنەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ ئاشنا دەبێت، ئەویش ژیانی گرووپە بۆهیمییەکانی لەندەنە. ئەمەش لە رێگەی ناسیینی جیمزەوە، کە هونەرمەندێکی بۆهیمییە، لەرێگەی کێشانی وێنەی خەڵکییەوە لەناو باڕ و یانەکاندا، بژێوی ژیانی پەیدا دەکات. ئەو دەیباتە ناو ئەو بازنەیەوە، کە خەڵکانی بۆهیمیی تێیدا دەژین، لە رێگەی ئەوانیشەوە ئێمە ئاشنا دەبین بە بازنەی بۆهیمییەکانی لەندەن و چۆنێتی بیرکردنەوە و ژیانی رۆژانەیان. هەر لەوێیش لە یەکێک لە باڕەکانی شەقامی سۆهۆ، (دۆرین) دەناسێت کە کچێکی ناسکی نیوزلەندییە، لێرەشەوە چیرۆكێکی خۆشەویستیی لەدایک دەبێت.
شار و ئازادی
هاری، شارۆچکەکەی خۆی بەجێدەهێڵت، خەونی گەورەی هەیە بەدوای ئازادی و ژیانێکی نوێی شاردا بگەڕێت، بەڵام پاش مانەوە لەم شارەدا بیرکردنەوەی لەبارەی شارەوە دەگۆڕێت و دەڵێت: «شار دەتوانێت هێواش هێواش لەسەرت دابنیشێت و پانت بکاتەوە. شار یادەرەوەیی (بێبایەخی)ی تۆیە، ئاماژەیەکی جاویدانی بێرێزیی گەردوونە بەرامبەر بەو کەسانەی هەست بە پێویستی هەبوونی خۆیان ناکەن، ل31» پاشتریش بۆچوونی بەرامبەر شاری لەندەنیش دەگۆڕێت، لەکاتێکدا پێش ئەوەی بێتە لەندەن، بە شاری خەونەکانی دادەنا، بەڵام دواجار بۆچوونی دەگۆڕێت و دەڵێت: «لەندەنم لەبەرچاو بووبووە یەکێک لە قێزەونترین ئەو شارانەی چاوم پێیان کەوتبوو.» ل 33
بۆهیمی
دیارە وشەی بۆهیمی بۆ ناوچەی بۆهیمیا لە چیک دەگەڕێتەوە، کە خێڵە کۆچەرییە قەرەجەکان لەوێ دەژیان، بەڵام وەکو دەستەواژە و چەمکی فیکریی و ئەدەبی، لە ناوەڕاستی سەدەی 19ەوە لە فەرەنسا بۆ ئەو نووسەر و هونەرمەندانە بەکارهێنرا، کە ژیانی ئاسایی رەتدەکەنەوە و ستایلێکی جیاوازی ژیان دەگرنبەر، لە خەڵکی ئاساییان جیادەکاتەوە. لەم رۆمانەشدا نووسەر پانتایی زۆری بۆ ئەو کەسانە داناوە، ئەمەش لە رێگەی داڕشتنی چەند پاڵەوانێکی سەیر و سەمەرەوە، کە زۆربەیان کەسانی هونەرمەند و تابلۆکێش و نووسەر و شانۆکارن.
لەلایەکی ترەوە ئەم رۆمانە گوزارشت لە جەنگ و ململانێی چینی بۆرجوازەکان و چینە رۆشنبیرە بۆهیمییەکانی شاری لەندەن دەکات، لەرێگەی ئەو دیالۆگانەی نووسەر لەناو رۆمانەکەدا جێگەی کردونەتەوە، ئاشنای تێگەیشتنی بیرکردنەوەی کەسانی بۆهیمی دەبین. لەلایەکی تریشەوە ئەم رۆمانە گوزارشت لە فیکری سەرەکیی کۆلین ولسۆن دەکات کە( بوونگەراییە)، بوونگەرایی لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا، لە جیهاندا زۆر رەواجی هەبوو. کۆلن ولیسۆنیش، یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم رەوتە فکریی و فەلسەفییە.
دیارە ئەم رۆمانە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، لە جیهانیشدا زۆر قسە و لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە، چونکە یەکێکە لە کارە ناسراوەکانی ئەم نووسەرە. لێرەدا من تەنها دەمویست، کورتە ناساندنێکی بۆ بکەم و بە خوێنەری بناسێنم.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە کاک وەهاب عەبدوڵڵا دەکەم و هیوای کاری وەرگێڕانی جوانتری بۆ دەخوازین.