عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە؟)
ئەو نووسینە هەوڵی هەڵوەشانەوەی گوتەزای (مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە) دەدات، لە رێگای پێكراوی "زمان سوبێكت نییە" لەلایەك و "زانستی تەكنۆلۆژی" لەلایەكی دیكەوە. زمان سوبێكت نییە.. ئەگەرچی مرۆڤ، كەس، سوبێكت لەسەر یەك هێل قسەی زۆریان لەبارەوە كراوە و قسەی زۆریش هەڵدەگرن. بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی ژیری، ئارەزووەكانی خودی مرۆڤ جێدەهێلێت! واتە ئەوەی من لەو نووسینەدا تۆخی دەكەمەوە، لەلایەك ئەو فەزا ئاسۆییەیە، كە مرۆڤ و كەس و سوبێكت لە ئارەزووی جەستەدا دەیبینێ و بەیەك هەناسە دەیانخوێنێتەوە. لەلایەكی دیكە شۆڕبوونەوەیە بەرەو بابەتی ژیری و خێرایی وەك زانستی تەكنۆلۆژیا و جێهێشتنی ئارەزووەكانی سوبێكت..
لێرەدا بەرانبەر گوتەزای سوبێكت چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە.. ئاڵای سپی داهێنانی (زمان سوبێكت نییە) بەرز دەكەینەوە، بەڵام نەك بە مانای دژبوونەوە، بەڵكوو بەو مانایەی كە سوبێكت سەرگەورەی زمان نییە.. بەو مانایەی كە زمان بەندەواری قبول ناكات.. بە كورتی دەمەوێ بڵێم زمان، دانووسانی جیاوازیی و نائاگاییە. بە دیوەكەی دیكەش ئاماژە بە خێرایی بیركردنەوە و زیرەكی دەستكرد دەدەم، چونكە داهێنانی زانستی تەكنۆلۆژیا ئارەزووەكانی سوبێكت دەخاتە سەرسامییەوە.
لە ماڵی سوبێكتدا قبولكردنی جیاوازی دەبێتە ئامانجی زمان، نەك رەتكردنەوە، بەڵام جیاوازییەك، كە لە پێناو گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوامدابێت، نەك لە پێناو پەڕگیری و چەسپاندن. لەبەرانبەردا نائاگایی بۆ جیاوازی هیچ نییە، جگە لە بەدیهێنانی ئامانجی ئازادی نەبێت. كەواتە ئازادی وەك دانووسانی نائاگایی و جیاوازی بۆ داهێنان زەروورییە، وەك چۆن گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوام بوونی سوبێكت بەرهەمدەهێننەوە. بەڵام لە ماڵی زیرەكی دەستكرددا خێرایی و ژیری سەرگەورەی جیاوازین.
دیالێكتیكی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە
لە عەقڵانیەتی دیكارتییدا سوبێكت بكەرە. بەڵام لەو توێژینەوەیەدا دەمەوێ سوبێكت لە دانووسانی ئازادانەی نائاگایی و زەرورەتی ئەویدیكەی غەریبەدا تۆخ بكەمەوە. لێرەدا لە پرۆسیسەكردنی سوبێكتدا نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە، خودی خۆیان دەخەنە دەرەوەی سوبێكت، بۆ ئەوەی وەك خودێكی نامۆ دژ بە پەڕگیری و چەسپان ئازادی خۆیان پراكتیزە بكەن. بەخۆنامۆبوونی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە نزیكایەتییەك لەگەڵ بیركردنەوەی هیگڵیدا دادەمەزرێنن.. وەك وێناكردنی مانگا سوورەكە لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ، پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ.. واتە هەوڵدەدەم لە رێگای چەمكی (نەفی نەفی هیگڵییەوە) چەمكی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) شیبكەمەوە، كە پاشان لە رێگای دیالێكتیكەوە (نائاگایی و زەرورەتی خێرایی و ئەویدیكە غەریبە) بە ئامانجی ئازادی خۆیان دەگەن..
بە كورتی دەمەوێ بڵێم: سوبێكت ناتوانێ لە رێگای داگیركردنەوە، چەمكی بكەرێتی قۆرخ بكات! نەك لەبەر ئەوەی پێكهاتەی سوبێكت نائاگایی و ئەویدیكەیە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی سوبێكت بەرجەستەكردنی دۆخێكە، كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە تێیدا بیر لە ئازادی دەكەنەوە! لێرەوە لەبەرانبەر پێكهاتەكانی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە دەناسێنێت، قەناعەتهێنان بە تێزی (زمان لە نائاگایی رسكاوە)ی ژاك لاكان هەر قەناعەتهێنان نییە بە (مانگا سوورەكەی هیگڵ لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ).. بەڵكوو قەناعەتهێنانە بە ئازادییەكانی زمان و ئازادییەكانی ئەویدیكەی غەریبە و خێراییەكانی سەردەم.. بۆ ئەوەی (زمان) ئازادییەكانی خۆی و خێرایی بناسێنێ، دەبێ لە نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی و سەیرورە و گۆڕانی بەردەوام و داهێنان و نەوەستان بێتەوە. بۆ ئەوەی ئەویدیكەی غەریبە ئازادییەكانی بگەشێتێتەوە، پێویستە لە ویناکردنی فەنتازی و سەرگەورەیی ئیگۆیانەی خۆی بێتە دەرەوە و خۆی نەك وەك پەڕگیر، بەڵكوو وەك دالێكی (جیاواز) بناسێنێتەوە.
بنەمای خاڵی یەكەمی ئەو لێكدانەوەیە ئەوەیە، كە هەرگیز (زمان وەك نائاگایی) لە دۆخی داهێنان ناوەستێ و بەردەوام هەنگاوی خێرا بەرەو گۆڕان و سەیرورە دەنێت.. بنەمای خاڵی دووەم ئەوەیە، كاتێك ئەویدیكەی غەریبە (لای ژاك لاكان) لەگەڵ زمان هاوسەنگ دەبێت.. هەڵبەتە مەبەست لە ئەویدیكەیەكە، كە سەرگەورەیی فریودەرانەی، یان پەڕگیری و بنبەستبوونی تێپەڕاندووە و پردێکی خێرایە بۆ قسەكردن لەگەڵ (ئەویدیكەی جیاواز).. بەو مانایەی كە قسەكردن سەرچاوەکەی ئیگۆ نییە، تەنانەت خودیش نییە، بەڵکو ئەویدیكەی جیاوازە. بەو مانایەش چەمكی ئەویدیكەی غەریبە (جیاواز) وەك بنەمای سەرەكی پێكهاتەی سوبێكت هەڵگری گریمانەی نەبوونییە و نزیكایەتی لەگەڵ نائاگایی زمان تۆختر دەكاتەوە..
بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی ئەو دوو خاڵە لە گریمانەی نەبوونی، پشت بە قسەیەكی (فرۆید) و ئەزموونی نەبوونییەوە دەبەستم، لە بارەی پەیوەندی دایك و باوك و منداڵ، كە دەڵێت: منداڵ ئەو كاتە دایک بەبێ هێز دەبینێت، کاتێک دەبینێت چووکی نییە! دایك لەو بینینەدا وەك ئەزموونی نەبوونی دەلالەت لە نائاگایی زمان دەكات و لەلایەكی دیكە هەنگاونانی خێرای منداڵە بەرەو گرێی ئۆدیب (واتە مەیلی گەڕانەوەی كچ بۆ باوك و كوڕ بۆ دایك) بۆیە هەمیشە منداڵ لەو ئیمکانەی كە لای (دایك/ باوك) بەدەستی ناهێنێت، دەسڵەمێتەوە! لەبەرانبەر ئەوەدا نائاگایی زمان لە ئاكینجەبوونی كاتی سوبێكت لە ماڵەكەی خۆیدا (لەو ئیمکانەی كە لە ماڵ بەدەستی ناهێنێت) سڵ دەكاتەوە.. كەواتە ئەگەرچی نائاگایی زمان و ئەویدیكەی جیاواز پێكهاتەی ماڵی كاتی سوبێكتن. بەڵام ئێمە ناتوانین سوبێكت (لە ماڵی خۆیدا) بۆ ئەویدیكە غەریبە و نائاگایی زمان هەڵوەشێنینەوە؟! چونكە ئەو پێكهاتانە وەك روونمان كردەوە بەردەوام بوونی خۆیان لە ئازادیدا پراكتیزە دەكەن و بەندایەتی رەتدەكەنەوە.
بە گشتی زمان سوبێكت نییە، یان ناتوانرێت سوبێكت بێت! چونكە زمان وەك غەریبە، یان وەك نائاگایی، كردەیە.. بەڵام سوبێكت بكەرە.. سوبێكت فڕێدراوەتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە. بەڵام نائاگایی زمان لە كار و بكەر تێدەپەڕێنێ و كردەیە.. نەك لەبەر ئەوەی زیندوویەتی خۆی بەردەوام لە بەرهەمهێنانەوەی كەلێن و بۆشاییدا دەبینێتەوە، یان لەبەر ئەوەی بەردەوام وەك كردە لە ئەزموونی نەبوونی راست دەبێتەوە.. بەڵكوو لەبەر ئەوەی بە مانا لاكانییەكەی سوبێكت ریاڵە و زمان رەمزە.
دەشێ ریاڵ بكەوێتە نێو كار و بكەرەوە، بەو مانایەی كە ژیانی تایبەتی هەیە. بەڵام رەمز دەكەوێتە نێو خەون و خەیاڵی نەزانراوەوە و خاوەنی هیچ گریمانە و پێشنیارێكی دیاریكراو نییە. بۆیە سوبێكت دەتوانێت نزیكایەتیكردنی ئەویدیكەی غەریبە (لە ماڵی خۆیدا) بێت، یان نزیك زمان بێت، لە ناوەوەی خۆیدا. بەڵام لە بنەڕەتدا غەریبە و نائاگایی وەك زمان بۆ سوبێكت خەون و خەیاڵی نەزانراون. چونكە بەندەواری سوبێكت نیین. لای فرۆیدیش خەون بونیادێكی رەمزی هەیە. غەریبە و نائاگایی وەك خەون و خەیاڵ هەردووكیان زمانێك لەخۆ دەگرن، كە یاسا و رێسای گۆڕان و سەیرورە لە رێگای ئازادییەوە پرۆسیسە دەكەن و لەوێشەوە وەك كارفرمای رەمزی دێنەوە..
زمان غەریبەیە و سوبێكت نییە! زمان دایكە لە نائاگایی منداڵدا.. بۆیە منداڵ (لە گرێی ئۆدیبدا) بەردەوام خەون بەو ئیمکانەوە دەبینێ، كە لە واقیعدا دەستی نایگاتێ. كەواتە زمان بوونێك نییە، لە ماڵی خۆیدا، چونكە ماڵی بوون قەڵەمڕەوی سوبێكتە و سوبێكت هیچ بەشێکی لێدەرناهێنرێت. سوبێكت ریاڵە و هەمیشە ڕیاڵ لەناو شوێنی خۆیدایە. شوێنی ڕیاڵ ماڵی سوبێكتە، بەڵام زمان بوونێكی رووتی بێ ماڵ و كۆچەری (لە خەیاڵ و خەونی سوبێكت)دا فەراهەم دەكات.
زمان وەك بوونی بێ ماڵ و كۆچەری بەردەوام نیگەرانی ئیمکانەكانی لە دەستدانی ئەو خەون و خەیاڵەیە، بۆیە هەمیشە ژیانی مەرگی خۆی هەڵگرتووە. زمان و نائاگایی بوون (بە بوون)ی ئەویدیكەی غەریبە لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدایە، نەك لە ماڵی سوبێكتدا. لەبەرانبەر ئەوەدا سوبێكت وەك ریاڵ ناتوانرێت بەشێك بێ لە زمان و ئەویدیكەی جیاواز. ئەوە زمان و ئەویدیكەی جیاوازە هەمیشە وەك رەمز دەیانەوێ شوێنی ریاڵ بگرنەوە و هەرگیز ناتوانن! چونكە چەمكی ئازادی لە چەمكی چەسپان باڵاتر دەبینن. لەو حاڵەتەشدا زمان و ئەویدیكەی جیاواز بۆ سوبێكت تەنیا خەون و خەیاڵن و هیچی تر.
كاتێك جیاوازی و زمان (غەریبە- نائاگایی) لە جێگیربوونی كاتییانەی بوونی خۆیاندا وەك (دراوسێیەكی كاتی) هەنگاو بەرەو (بوون بە) دەهاوێژن و بەردەوام لە بوونی جێگیر دەچنە دەرەوە بۆ بەخێرهێنانی ناسنامەی مەرگی ئازادانەی خۆیان لە خەون و خەیاڵدا، یان كاتێك لەسەر دواخستنی مەرگی ئازادانەی خۆیان بەردەوام دەكەونە نێو خەون و خەیاڵەوە.. ئەوە دەسەلمێنن كە سوبێكت بوونی خۆی لە پێناو خێرایی خۆیدا نییە، بەڵكوو دەمێك گێڕانەوەی تەنیاییە و دەمێك گێڕانەوەی پێکەوەبوون و ئاشنابوونە بە زمان و جیاوازی.
لێرەدا سوبێكت جارێك دەبێتە خانەخوێی داهێنانی زمان و جارێك دەبێتە بارمتەی جیاوازی. یاریكەری سەرەكی لەنێوان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوون (كات و ئازادیی)ە.. بەڵام سوبێكت نازانێت کات چی دەکات و ئازادی بەرەو کوێی دەبات. لەبەرانبەریشدا بەردەوام زمان و جیاوازی لە دەریای(کات و ئازادیی)دا ون دەبن و سەرئاو دەكەونەوە..
زمان و جیاوازی
كاتی بەخێرهێنانی داهێنان
زمان و جیاوازی، كاتی بەخێرهێنانی خەون و خەیاڵی سوبێكتن. كاتێك زمان و جیاوازی لە داهێنانی بەردەوام و جیاوازی خەون و خەیاڵ دەكەون، ئیتر داهێنان دەبێتە تەنیایی زمان و سەرئاو دەكەوێت. جیاوازیش خەون و خەیاڵی داهێنان لە گێڕانەوەی پێكەوەبوون ون دەكات.. كەواتە زمان و جیاوازی لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدا بە جیھانمان دەناسێنیت و لە هەمان كاتدا جیھانمان لە خەون و خەیاڵدا بۆ نمایش دەكاتەوە.. لەوێوە سەرئاوكەوتنی سوبێكت لە داهێنان و ونبوونی سوبێكت لە خەون و خەیاڵدا دەناسینەوە.
سوبێكت كەوتۆتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە، هەر نائاگایی زمان و جیاوازیشە خەیاڵی داهێنان لە سوبێكتدا دەوڕوژێنێ.. كەواتە بنەمای سەرەكی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە و هەمیشە جیاوازی و نائاگایی زمان پرۆسەی داهێنان لە پەیوەندییەكی زیندوودا بونیاد دەنێتەوە. بە دیوەكەی دیكە سوبێكت (وەك سیستەمی فەنتازی فریودەر، یان وەك سوبێكتی بچووك) دەتوانێت خۆی لە سەرئاوكەوتن و ونبوون لابدات.. دەمەوێ بڵێم ئەوەی لەو شیكردنەوەیەدا بەشدارە بە مانا لاكانییەكەی ئەو بەشەیە لە سوبێكت كە سوبێكتی بچووك نییە، بەڵكوو سوبێكتی گەورەیە!
پرسیارە بنەڕەتییەكەی ئەو لێكۆڵینەوەیە ئەوەیە: ئایا (جیاوازی) و (زمان) ماڵی بوون بونیاد دەنێن، یان داهێنان؟! ئەگەرچی (زمان و جیاوازی و داهێنان) یەك ئەویدیكە پڕ دەكاتەوە.. بەڵام هەمیشە زمان و جیاوازی لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەدان و داهێنان جێگیربوون و چەسپانی كاتی دەنەخشێنێت.. گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە ماڵییان نییە و كۆچەریین. بەڵام جێگیربوون و چەسپانی كاتی لە دۆخی بێ ماڵییدا بەدی نایەن.. بەو مانایەش زمان و جیاوازی گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێكەوەبوون بەیەكەوە دەگونجێنن. بەڵام داهێنان گێڕانەوەی پێكەوەبوون دەچەسپێنێ. كەواتە سوبێكت لەلایەك وەك خانەخوێی داهێنان و لەلایەكی دیكە وەك خانەخوێ و بارمتەی زمان و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە. دواجار زمان و جیاوازی لەلایەك كاتی بەخێرهێنانی پێكەوەبوون و مەرگی جێگیربوونە، لەلایەكی دیكە كاتی بەخێرهێنانی سەیرورە و تەنیاییە، یان روونتر لە یەك كاتدا بەخێرهێنانی داهێنان و بەخێرهێنانی سەیرورەیە..
سوبێكتی داهێنەر بە زمان بیردەکاتەوە، داهێنانی جیاواز بەرهەم دەهێنێ و پارێزگاری و پاسەوانی لە ماڵی پێكەوەبوون دەكات. بەڵام زمان و جیاوازی لە حاڵەتی گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە و نائاگایی و غەریبی و كۆچدان. لەلایەك داهێنانی جیاواز جێگیربوونی كاتی و دڵنیایی دەبەخشێت. لەلایەكی دیكە زمان و جیاوازی بەرەو گومان و نەزانراو هەنگاو دەنێن.. بەو مانایەش ماڵی بوون لەنێوان زمان و جیاوازی، داهێنان و سەیرورە، كۆچ و جێگیربوون.. دەكەوێتە لەرزەوە.. بەڵام لەبیرمان نەچێت هەمیشە (ماڵ) جێگیربوون دەنەخشێنێت، ئەگەرچی كاتیش بێت. هەمیشە (كۆچكردن)ی بەردەوام لە هەنگاونان بەرەو نەزانراو زیندووە.
بێگومان تەنیایی داهێنان لە جیاوازی پێكەوەبووندا ئامادەیی هەیە. بەڵام كۆچكردن وەك گومانكردن لە نیشتەجێبوونێكی كاتییدایە، بێ ڕابردوو و بێ داهاتووە! لەو ئاكنجیبوونە كاتی و كۆچەدا وێنەی ماڵێك نمایان دەكرێت، كە بەردەوام سنوورەکانی کات و شوێنی لە گۆڕاندایە. بەو مانایەش زمان وەك داهێنان لە هەموو كات و شوێنێکدا بوونی تەنیایی خۆی لە پێكەوەیی جیاوازی بووندا دەنوێنێ. بەڵام هەر کاتێك پەیوەندیی نێوان (ڕیاڵ) و (رەمز) نەما، هەر کاتێك (جیاوازی) لەگەڵ (زمان) پەیوەندییان تێكچوو، ئەوە بۆشایی داهێنان درووست دەبێت، ئەو بۆشاییە هەر تەنها هەستکردن بە ئەزموونی نەبوونی و تەنیایی و نامۆبوون و غەریبی نییە، ئەو بۆشاییە هەر تەنها بەرهەمهێنانەوەی نەبوونی نییە، بەڵكووهەستكردنە بە مەرگ، مەرگیش تەنیا بە بوون بە جیاوازی و زمان پڕ دەبێتەوە.
زمان و جیاوازی
ئازادی و گۆڕان
زمان و جیاوازی لە ئەویدیكە و نائاگاییەوە سوبێكت دادەهێنێتەوە، بەڵام ئازادی و گۆڕان لە تەنیایی و نامۆییەوە بەرهەمی دەهێنێتەوە. پەیوەندی زمان و جیاوازی لە داهێناندایە. پەیوەندی تەنیایی و نامۆیی لە سەیرورەدا زیندووە. كەواتە بەردەوام داهێنان دەبێتە پردی پەڕینەوەی گۆڕان و سەیرورە. هەمیشە ئارەزووی داهێنان پردێكە بێ ئەوەى هیچ توانایەكى نێگەتیڤیتى لەخۆدا هەڵگرتبێت، بە دیوەكەی دیكە بێ ئەوەی بتوانێت خۆى لە بۆشاییەكان بدزێتەوە؟!
دەمەوێ بڵێم لەنێوان ئارەزووی داهێنان و سەیرورەدا بۆشاییەك (پردێك) هەیە، بۆشاییەك، پردێك كە هەم زمانە و هەم گۆڕان.. بە مانایەكی دیكە پانتایی بەرفرەوانی داهێنانەكانی ئەو (پردە/ بۆشاییە) لەپشتى پانتایی بەرتەسكی سەیرورەوەیە. خودی ئەو هێلكارییە جۆرێكیشە لە ئیستیفزاز و ئارامیى هەڵگرتن لە سوبێكت لەو پانتاییە بەرفرەوانەی داهێنان و بەرتەسكەی سەیرورەدا. ئەو هێلكارییە سوبێكت دەخاتە نیگەرانییەوە، ئەو هێلكارییە سوبێكت بۆ گۆڕانێك هاندەدات، كە هەر تەنها پاراستنی سیستمی زمانی لەخۆ نەگرتووە، یان هەر تەنها رووتكردنەوەی خەیاڵی زمان نییە، بەڵكوو ویستی شیكردنەوەی پرد و بۆشایشە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا بۆشایی و پردی داهێنان و سەیرورە هیچ وزەیەكی بۆ خراپبوون و زیانگەیاندن بە سوبێكت نییە، راستە هەمیشە ویستی شیكردنەوەی سوبێكت و بۆشاییەكانی سوبێكت دەوڕوژێنێ. لەبەرانبەریشدا سوبێكت تواناى شیكردنەوەی پرد و بۆشاییەكانی سیستمی زمان وەك نێچێرێك بۆ ژیری و زیرەكی دەستكرد دەردەخات و هەر هێندەشى لەدەست دێت، ڕووت و قووتی زمان و خەیاڵی بێبەرگری سەیرورە نیشانی ژیری و زیرەكی دەستكرد بدات! بەڵام وەك دەردەكەوێت ژیری و زیرەكی دەستكرد بەردەوام پێشوازی لە بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی بۆشاییەكان و ڕووتیی و سەیرورە سامناكەكەی خەیاڵ دەكات! بەو مانایەی كە زمان و جیاوازی لە داهێنانی ئەدەبییدا لە هەموو پرد و بۆشاییەكان، لە هەموو رووتییەكان سەرنجڕاكێشتر خۆیان دەنوێنن، بەڵام ئازادی و گۆڕان و سەیرورە لە زیرەكی و ژیری مەحاڵتر پیادە دەكرێن.
بنەمای سەرەكی داهێنانی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە، بە دیوەكەی دیكەش ئەوە خەیاڵی زمانی ئەدەبیی و داهێنانە رووتی و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوام لە جەنگی بۆشایی و پردی خەیاڵدا كۆ دەكاتەوە. ئەوە خێرایی و جەنگی بۆشاییە پتر لە مەحاڵ بڵاو دەبێتەوە! پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی خانەخوێی داهێنان و بارمتەی جیاوازیین، یان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوونن.. هەمیشە لە كۆی گۆڕانكاری و پرۆسەكانی داهێناندا ئاشتەوایی دەخەنەوە، پێچەوانەوەی ڕاگەیاندنى جەنگ دژ بە پەڕگیری و چەسپان و رەتكردنەوەی ئەویدیكەی جیاواز، كە بە ناوى پاراستنی داهێنانی دادپەروەرانە، هەندێجار لە بوارەكانی زیرەكی دەستكرددا دەیانبینین..
بەڵام خانەخوێی و بارمتەیی، تەنیایی و پێکەوەیی.. بەر لەوەی بە پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕان و سەیرورە هەنگاو بنێن.. بەرلەوەى ڕوخسارى داهێنان و گۆڕان لە پرد و بۆشاییدا بچەسپێن.. بەرلەوەى جیاوازی و خەیاڵی زمان وەڵامى پرسیارەكانی پردی چەسپاوی داهێنان بداتەوە و بۆشایی بكەوێتە بۆشاییەوە.. بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی گەیاندن و دواتر بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی بۆشاییەوە.. پردی خەیاڵ بەخستنە نێو جەنگێكی دیكەی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕانكاری و داهێنانێكی دیكەی جیاواز دەبێتەوە!
كەواتە تەنها لە گۆڕاندا داهێنانی جیاوازی مومكینە، تەنها لە سەیرورەدا رووتبوونەوەی زمان مومكینە.. بەڵام هەر چۆنێ بێت سەیرورە روخسارى چەسپاوی داهێنان ناخاتە جەنگی بۆشاییەوە.. بەرلەوەى سەیرورە جەنگی بۆشایی ببینێت، لە پردی خەیاڵدا رووتبوونەوەی زمان (دهێنان) لە ئامێز دەگرێت و لەگەڵ یەكتریدا دانووسان دەكەن و روخسارى یەكتری بەرهەم دەهێننەوە.
پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی
لە رووتبوونەوەی زماندا
لە بڕگەكانى پێشوودا ڕوونمان كردەوە، كە بۆچى سوبێكت لە جەوهەردا زمان نییە، ئەگەرچی باس لە جۆرێك لە مرۆڤ بكرێت، كە پتر مەبەست لێى ئەو كەسەیە، كە نیشانەی ناسراوى ژیری و زیرەكی هەڵگرتووە! یان واپێدەچێت بۆ سوبێكتی داهێنەر پرسیارەكان جۆرێكى تر بن، ئایا ئارەزووەكانی جەستە دژ بە زیرەكی و ژیری دەستكرد، پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەكان و نائاگایی رووتی زمان بە نیشتمانى خۆیان دەزانن؟!
لە سەرەتادا با بەراوردێكى دوو مۆدێلى جیاوازى (ئارەزووی جەستە لە خەیاڵی ئەدەبیدا) و (خێرایی زانیاری لە زانستی تەكنۆلۆژیدا) بكەین: یەكەمیان، وەك داهێنانی ئەدەبی و شانازییەك بۆ خەیاڵی نائاگایی رووتی زمان، بە هۆكارى ئەوەی كە لە بواری ئەدەبیدا مەلەی سوبێكتی داهێنەر لە دەریای نائاگایی رووتی زمان تا قووڵتر بێت، نرخی ونبوونی سوبێكت لە داهێنانی ئەدەبیدا بەرزتر دەبێت. دووەمیان، تا زانیاری بە خێراییەكی كەڵەكەكراوتر لە زانستی تەكنۆلۆژیا دەركەوێت، زیرەكی دەستكرد، سوبێكتی دەستكرد باڵاتر دەبێت. بە مانایەكی دیكە ئەو هێزەى زیرەكی دەستكرد بانگی بۆ دەدا، هەمان وزە متبووەكانی ئارەزووی جەستە نییە، ئەگەرچی داهێنانە، بەڵام داهێنانی زیرەكی دەستكرد نەپۆشراوە، داهێنانی زیرەكی دەستكرد لەسەر خێرایی و لۆژیك رادەبێتەوە.
بە گشتی داهێنان نە سیستمێكی چەسپاوی هەیە و نە هەڵبژاردنێكی پێشنیازكراو. لە مێژووی سوبێكتدا داهێنان لە هەوڵێکی خودی وسبەلێکراو و داپۆشراوەوە بەرەو ئۆبێكتی دیار و دانەپۆشراوە دەچێت.. وەک چۆن خەیاڵی جوانی ناتوانێ لە مرۆڤدۆستی و جیاوازی دەرنەكەوێت. ئارەزووی جەستەش (لەگەڵ هەموو جیاوازییەكان) ناتوانێ لە زانستی تەکنۆلۆژیا دەرنەكەوێت.. خەیاڵ بەرهەمهێنەری خەیاڵ و زانیارییە.. داهێنان داپۆشین و دانەپۆشینە و دەبێتە خەسڵەتی کۆبوونەوە و بڵاوبوونەوە. لە داهێنانی ئارەزووی خودی جەستەدا كۆبوونەوە لە رووتبوونەوەدایە. لە داهێنانی زیرەكی دەستكرد و رۆبۆتەكاندا بڵاوبوونەوە لە رووتنەبوونەوەدایە. یەکەمیان وەک فرۆید دەیگوت بنەمای ژیارییە، دووەمیان بانگی بڵندگەراییە.
کەواتە ئەوە سوبێکت و ئۆبێکتە، رووتبوونەوە و رووتنەبوونەوە، ئارەزووی جەستە و زانستی تەکنۆلۆژیا.. ئاراستەی جوولە جیاوازەکانی ژیان دەنرخێنن. بەڵام ئەو دوو دیدە جیاوازەی لە خەیاڵ و خێراییدا دەبینرێت، چییە؟ بێگومان ئەوەى وا لە سوبێكتی داهێنەر دەكات، لە رێگای خەیاڵی ئەدەبییەوە خۆی لە ژانوژوارەكانی واقیع بدزێتەوە، چێژی ئەدەبییە، یان جەنگی بە سوبێكتبوونە لە بۆشاییەكانی خەیاڵی زماندا، بەو مانایەی كە سوبێكت فڕێدراوەتە نێو خەیاڵی رووتی زمانەوە. بەڵام دۆخى زیرەكی دەستكرد جیاوازە، پێگەى خێرایی دەستكرد و نەپۆشینی زانیارییەكان بەو واتایە خۆی دەنوێنێ، كە هەمیشە هاوكار و هاوپەیمانى خەیاڵی داهێنان (بەگشتی)یە، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیى گەورە و درێژخایەن بە داهێنان دەبەخشێت.. كەواتە وەك ئاماژەمان بۆ كرد، زیرەكی دەستكرد لەو هێزە ناچێ، بێ سڵ كردنەوە پردی خەیاڵ و ململانێی بۆشاییەكان بە گۆڕان و داهێنان و سەیرورەوە ڕابماڵێت! دەمەوێ بڵێم زیرەكی دەستكرد هێزێكى تێكدەر نییە، بەڵكوو بەشێكی گەورەی سوودگەرایی و ئاڵوگۆڕی و چێژی لە خۆدا هەڵگرتووە. بەڵام هەمیشە سوبێكت لەبەرانبەر رۆبۆتدا نیگەرانە و لە مەرگی خۆی هەڵدێت!
بۆشاییەكانی سوبێكت
زیرەكی دەستكرد
هەرگیز بۆشاییەكانی سوبێكت لەبەرانبەر زانستی تەكنۆلۆژیادا بەو مانایە نییە، كە خەیاڵی زمان و سەیرورەی داهێنان لە پاشەكشەدان، بەڵكوو بەو مانایەیە كە چیتر سوبێكت لە زانینی چەند زانیاری و زمانێكەوە كەسایەتی خۆی ناپێوێ! چیدی سوبێكت وەك هێزێكى سەرووی مەعریفەی زانراو بە تەنیا كردەی رەمزی نانوێنێ و چێژ و خۆشی نابینێ، بەڵكوو بەردەوام لە دۆخی سەیرورەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان و خێرایی و لۆژیك و سەرسامی بەرهەمهێنراودایە..
سوبێكت وەك داهێنان بەرهەمهێنەری زانیاری و چێژە. زانستی تەكنۆلۆژیا كۆگای زانیاری لۆژیكی و چێژە. لە سوبێكتدا داهێنان بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ بیركردنەوە و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە.. لە زیرەكی دەستكرددا زانیاری لۆژیكی كۆگاكراو سوودگەرایی و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە. چێژی داهێنانی خودی سوبێكت هەست و خۆشی دەوڕوژێنێ.. چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا لە خێرایی و سەرسوڕھێناندایە. یەكەمیان رووی ئاواكاری لە وێرانكاری پترە. دووەمیان رووی ئاواكاری و وێرانكاری لەیەكەوە نزیكە. یەكەمیان خەسڵەتی كۆبوونەوە و جێگیربوونی چێژ پەیڕەو دەكات. دووەمیان خەسڵەتی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ دەنوێنێ، بەمجۆرە ئەگەر یەكەمیان پیاوسالارانە بكەوێتەوە، ئەوە دووەمیان ژنسالارانەیە..
كەواتە چێژی كۆبۆوەی خەیاڵی داهێنان و چێژی بڵاوبۆوەی خێرایی زانیاری، بە پلەى یەكەم لە مۆراڵى ئەدەبی و مۆدێلى زانستیدایە. یان بە مانای شیكاری دەروونی لە (ڤالووس/ خەسان)دایە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، چەندێتیى چێژ و چۆنێتی بیركردنەوە دەكەوێتە كوێی پیاوسالاریی و ژنسالارییەوە ؟
وەك گوتمان سوبێکت لە دۆخی (پیاوسالاریی)دا وەك خانەخوێی ژن و خانەخوێ و بارمتەی جوانی و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە، ئەو یەكلانەكردنەوەیە وەك گۆڕانكاری بەردەوام لە دۆخی (ژنسالاریی)دا بەرەو خێرایی دابەشبوونی چێژ و بڵاوبوونەوەی بیركردنەوە دەچێت. واتە بەردەوام پیاوسالاریی و سەیرورە بەرەو ژنسالاریی و خێرایی و لۆژیكی زیرەکی هەنگاو دەنێت. كەواتە کۆی ئەو یەكلانەكردنەوەیەی لە پیاوسالارییدا كۆبۆتەوە، هەر تەنها گومان لە سوبێكت ناچێنێت، بەڵكوو وەک تیغێكى دووسەرە گومان و تووندوتیژی لێدەبێتەوە.. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ژنسالارییش لە توانای بەرهەمهێنانی گومان و تووندوتیژی بەدەر نییە.
بە كورتی ئەوە خەیاڵ و جیاوازییە لە رووە ئاسۆییەكەیدا بنەمای چێژ و ئاستی داهێنان لە سوبێكتدا دیاری دەكات. وەك چۆن لە رووە ستوونییەكەیدا گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامی تێدا دەوڕوژێنێ. لە هەردوو رووی ستوونی و ئاسۆییدا سوبێكت و رۆبۆت سەر بە خێرایی و لۆژیك و چێژن. ئاستی خیرایی رۆبۆت بەرفرەوانترە لە ئاستی خێرایی سوبێكت، بەڵام لە دۆخى ململانێ و هێرشبردن و پارێزگاریكردندا هەمیشە سوبێكت پشت بە نائاگایی رووتی زمان و جیاوازی دەبەستێت. كەچی رۆبۆت بە خێرایی زانیاری بیركردنەوەی لۆژیكی ناسراوە. كەواتە هەمیشە لەبەرانبەر چێژی خێراو بڵاوی رۆبۆتەكاندا، چێژی خەیاڵی داهێنانی ئەدەبی و هونەری كۆمان دەكاتەوە.
گۆڕان و سەیرورەی خەیاڵی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا لە دوو ئاستدا ئامادەی- نائامادەن. خەیاڵی داهێنان وەك چێژی داهێنان (پارێزگاری) دەكات. زیرەكی دەستكرد وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی بیركردنەوە (هێرش) دەكات. ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە كاتیی خێرایی و مۆڕاڵی جیاوازییە! ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە چەمكی جێگیربوون و دابەشبوونە.. بەڵام خەیاڵی داهێنان و درێژكراوەكەی (زیرەكی دەستكرد) نە كاتی بە دەست كەسەوە هێشتۆتەوە و نە مۆڕاڵ، نە جێگیربوون و نە دابەشبوون.. زیندەگی لە زەمەنی خەیاڵی داهێنانی خێرا و درێژكراوەكەی لە جەنگدایە و جەنگیش چێژ و خۆشی ناس ناكات. جەنگ نە (كات) دەناسێ و نە (ئەخلاق)ى هەیە. بە دیوەكەی دیكەش لە كۆی هێرشە ئامادە و نائامادەكاندا گۆڕەپانی جەنگ سوبێكتە، رۆبۆت نییە! بە گشتی سوبێكت هەم هێرشەكەرە و هەم بەرگریكار.. سوبێكت قوربانییە، كە ناچارە بەرگریى لە ئامادەیی و لە هەمان كاتدا هێرشی نائامادەیی بكات.
هەڵوەشانەوەى سوبێكت
لەنێوان هێرشبردن و پارێزگاریكردندا
لە جەنگی زانیاری و چێژدا، نە سوبێكت دیارە نە لۆژیك... وەك چۆن لە جەنگی داهێنان و چێژدا، نە رووتی زمان خۆی دەنوێنێ و نە ئاستی بەرجەستەی جیاوازی... یەكەمیان لەبەر خێرایی، كاتی ئاوڕدانەوەی نییە.. دووەمیان لەبەر چێژی خوێنەری هەموو شتزان بیر ناكاتەوە.. هێرشی زانستی تەكنۆلۆژی لەسەر گریمانەی تووندوتیژی و گومان وەستاوە. هێرش و بەرگری خەیاڵی خوێنەر لەسەر كردەی گومان و تووندوتیژی چێژ دەردەكەوێت. كەواتە دەكرێ خواستی داهێنان و ئارەزووی خێرایی لە یەككاتدا لە بەرگریكردن و هێرشكردن، لە كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەدا ببینین. بەو مانایەش ئەوەی بەڕێوەمان دەبات ئارەزووی خود نییە، خێرایی تەكنۆلۆژیا نییە، گومان و تووندوتیژییە!
بە مانایەكی دیكە ئۆبێكتی ئارەزووی داهێنان لە رێگای سەیرورەی بەردەوامەوە بۆ زانستی تەكنۆلۆژیای خێرایی زیرەكی و لۆژیك دەگۆڕێت. بۆیە ئەمڕۆ كۆی ئەو گۆڕانكارییانە بازاڕیان لە هەموو كاتێك گەرمترە و خەڵكى سڤیلیان خستۆتە گومان و لەرزەوە! بە گشتی ئارەزووی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا نەك هەر كاتی بۆ رامان ئاوڕدانەوە نەهێشتۆتەوە، بەڵكوو تووندوتیژی و دڵەڕاوكێشی لاى بەشێكى زۆرى خەڵكى سڤیلی كۆی گۆى زەوى بڵاوكردۆتەوە.!
داهێنان هەر تەنها وەك ئۆبێكتی ئارەزوو ناچێتە نێو خێراییەوە، زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها وەك خێرایی بڵاوبوونەوە داهێنان ناكات، بەڵكوو بە پاساوى گۆڕانكاری و سەیرورەی بەردەوام لە ژیاندا هەنگاو دەنێن، بەڵام ئەو هەموو هەوڵ و كۆششەی زیرەكی، ئەو هەموو داهێنانە یەك لە دوا یەكانە.. هیچ قەناعەتێك لای ئەو كەسانە دروست دەكەن، كە ئەخلاقییانە بیر دەكەنەوە؟
بێگومان لە پشت هەرهۆكارێكەوە هۆكارێكى دیكە هەیە، بۆیە وەك چۆن وزەی خەیاڵ پاساوى بۆ داهێنانی بەردەوام هەیە، بەمجۆرەش زانستی تەكنۆلۆژیا پاساوى بۆ خستنە لەرزەی واقیعی باو هەیە.. بەڵام دواجار ئەو هەموو خیراییەی زیرەكی دەستكرد و خەیاڵی داهێنان، ئارامی لە ژیان هەڵگرتووە! چونكە مرۆڤ هیچ دەرفەتێكی بۆ رامان لە جوانی لەبەر دەستدا نەماوەتەوە. ژیان كەوتۆتە نێو گومان و تووندوتیژییەوە. بە كورتى خەیاڵی داهێنان چەشنی زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها بە داهێنانە یەك لەدوا یەكەكان و خێرایی زانیارییەكانی خۆی سەرسامە..
كەواتە ئەوەی بەرگری دەكات، سوبێكت نییە ئارەزووی ئۆبێكتە، بەڵام ئۆبێكت تەنیا چەمكێكە لەنێو گوتارەكانی سوبێكتدا، تەنیا لە چوارچێوەى سوبێكتدا دەتوانێ كۆبێتەوە. ئارەزووی ئۆبێكت لە سەروەری سوبێكتدایە. چەمكی (سەروەری) جۆرێك لە سەرگەورەیی بۆ سوبێكتی رسكاوی نێو خەیاڵی زمان و نائاگایی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا و پەلهاوێژتنى بۆ پانتاییەكانی ژیان، ئارەزووی ئۆبێكتی لە كۆكردنەوە و سەپاندندا تێپەڕاندووە و لە خێرایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژدا گەمەی پێدەكات.. دەمەوێ بڵێم لە نائامادەیی چێژی كۆكراوەی ڤالووسیدا تۆڕە چێژ هەژمووندارە.
زانستی تەكنۆلۆژیا هەر تەنها خێرایی لە كۆكردنەوە و دابەشكردنی زانیارییەكان پرۆسیسە ناكات، وەك چۆن خەیاڵی داهێنان هەر تەنها كۆكردنەوەی پەیوەندیى چێژی خوێنەری جیاواز و چێژی زمان نییە. بە كورتی داهێنان گوێڕایەڵیكردن بۆ نەناسراوێكی رووت نییە، كە ئارەزووی جەستە و رۆبۆتەكانن.. كەواتە ئەو گۆڕانكارییە خێرا و سەیرورانەی لە گردبوونەوە و جێگیربوونەوە بەرەو بڵاوبوونەوە و دابەشبوونمان دەبات، گۆڕانكاری رووتی تەكنیكە.. میكانیزمی گومان و تووندوتیژیش رووتی تەكنیك و ئۆبێكتی خەیاڵ بەڕێوەی دەبات..
خەیاڵ كێیە، خێراییە یان ئەویدیكەی خوێنەر، تەكنیكە یان ئۆبێكت، پێكهاتەی زیرەكی دەستكردە یان بەشداریكەری داهێنان؟ بێگومان خەیاڵ نادیارە، خەیاڵ ئەوەیە، كە تەكنیك بەجێی دەهێنێ، تەكنیك بەرجەستەی دەكات، بۆیە هەرگیز (كێیەتى)یەكەی خەیاڵ بێ تەكنیك پێناسە ناكرێت، یان لەوەدا نییە پێناسە بكرێت.. کێیەتی خەیاڵ لەنێوان خێرایی دەستكرد و چێژی ئەویدیكەدا تەكنیكە، هەرگیز تەكنیكیش بۆ ئاماژەكان یان مانا دیاریکراوەكان ناگەڕێتەوە. کێیەتی خەیاڵ، ئۆبێكتی ئارەزوو و تەكنیكی خیرایی بەرهەمدەهێنێتەوە. دەتوانین بڵێین وێنەكانی خەیاڵ دەمامكی نائاگایی زمان و جیاوازییە. بەڵام ئەوەی وێنەی ئارەزووی جەستە و زانستی تەكنۆلۆژی لێکجیا دەکاتەوە، کردەی بەرهەمهێنانەوە و كاری سەرسامكەرانەیە! كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەیە..
هەمیشە وزەی كۆكراوەی خەیاڵ، بوونی خۆی لە بەرهەمهێنانی ئاستە جیاوازەکانی داهێناندا هەڵگرتووە. بەڵام رووتی خێرایی بوونی خۆی لە وزە دەرپەڕیووەكاندا هەڵدەگرێتەوە، كەواتە بەكارهێنانی ماتەوزەكانی داهێنان لە رێگای زیرەكی دەستكرد لە پێناو بڵاوبوونەوەیە.. بەشێكی گەورەی بڵاوبوونەوە لەپێناو دابەشبوونی بازاڕی زانیارییەكانە، لە دەركەوتنی سوود و چێژگەرایی و دووبارە دەركەوتنە. بەڵام دەركەوتنی داهێنانی خەیاڵ لە بەردەوامی ئاستە جیاوازەكانی بەرهەمهێنانەوەدایە.
وەك دەزانین زیرەکی دەستکرد هاوکاری داهێنان دەكات. داهێنانیش بە شێوەی جۆراوجۆر وزە متكراوەكانی دەخاتە خزمەتی زیرەكی دەستكردەوە. بەو مانایەش كردەی داهێنان ماتە وزە پۆشراوەكانی پێشكەش زیرەكی دەستكرد وەك رووتبوونەوەی دەركەوتن دەكات. لەبەرانبەریشدا زیرەكی دەستكرد وزە دەرپەڕێنراوەكانی خێرایی وەك نەپۆشین نیشان دەدات. لێرەدا داهێنان هیچی لە دەستنەداوە، بەڵکو لەژێر نەپۆشین پۆشینی بەدەستهێناوە! بە مانایەكی دیكە ئەوەی داهێنان بەدەستیهێناوە ئاستە جیاوازەکانی داهێنانی خەیاڵی پۆشینە. ئەوەی زیرەكی دەستكرد دەجوولێنێ، نەپۆشراوی خێراییە..
وزە دەرپەڕێنراوەكانی زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نیین و لە زانینی پەتی دەردەكەون، بەڵام ئاستە جیاوازەکانی داهێنان جگە لە خەیاڵی داهێنان لە ئۆبێكتدا کورت دەکرێنەوە. بەو مانایەش وێنەی زیرەكی دەستكرد بەر لە دەركەوتن لە مەحاڵی نەپۆشیندایە. تاکە ئیمکانی رووتی داهێنان لە ئاستە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانەوەی داهێناندایە..
ماتەوزە و وزەی دەرپەڕیوو
ئارەزوو/ تەكنۆلۆژیا
چەمكی (پەیوەندى)ی لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان لە چەمكی ئارەزووی جەستەدا كۆدەبێتەوە. چەمكی (روو-بە-روو) بوونەوەی زانیاری و خێرایی لە چەمكی رووتی زانستی تەكنۆلۆژیادا بڵاو دەبێتەوە! بەو مانایەش ئامادەیی (ئارەزوو/ رووتی) دەرفەتى بەیەكەوەبوون و بڵاوبوونەوە، دەرفەتى دەرپەڕاندنی وزە متبووەكان و وزە دەرپەڕیووەكان ئاسانتر نیشان دەدات. واتە لەلایەك خوێندنەوەی ئارەزوومەندانە بۆ گەیشتن ئاسانتر دەكەوێتەوە، لەلایەكی دیكە مەرج نییە لە هەموو پەیوەندى و رووبەڕووبوونەوەیەكدا، لە هەموو (ئارەزوو) و (رووتی)یەكدا دەرفەتی كۆبوونەوە هاوتای دەرفەتی بڵاوبوونەوە بێت! چونكە لە فرە زانیاری و فرە رووتیدا پانتایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ لە پانتایی چێژی كۆبۆوەی ئارەزوومەندانە فرەوانترە.. چونكە بەجێهێنانی چێژی وزە دەرپەڕیووەكانی (زانیاری-نەپۆشین) لەگەڵ پرۆسەی بەجێهێنانی چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان جیاوازە..
چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا كە بڵاو و دابەشكراوە، لە گۆڕانكاریی بێكۆتایی هەنگاو بەرەو بانگێك لە بەرزایی نەبینراوەوە دەنێت، بە خێرایی زانیاری و خەیاڵە پڕ چێژەكانیانەوە دەبن بە دراوسێى چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان، یان بوونە ئەخلاقییەكەى ئارەزووی جەستە، لەو لێكنزیكبوونەوەیەدا خێرایی زانیاری دەیەوێ خەیاڵەكانی ئارەزووی جەستەی (دراوسێ) بخاتە ژێر پرسیار و تاقیكردنەوەی زانستییەوە و دواتر ئارەزوو چەشنی ئۆبێكت جێبهێڵێت!.. جێهێشتنی ئارەزووەكانی جەستەی دراوسێ وەك ئۆبێكت لە زۆربەی رووەكاندا دەلالەت لە پێشكەوتنی خێرای زانیاری و رووتی زانستی و بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی سوودگەرایی و چێژ دەكات.
بەمجۆرە (پەیوەندى)ی ئارەزوومەندانە دەلالەت لە بەرپرسیارێتى ڤالووسی و بەرهەمهێنانەوە دەكات. بەڵام (روو-بە-روو) زانیاری و خێرایی ئاشكراكردنى ڕووتییە، لە هەر رووتییەك رووتتر.. هەڵبەتە پەیوەندی ئارەزوومەندانە هەوڵدەدات چەمكی رووبەڕووبوونەوەی زانیاری و خێرایی بخاتە بەردەم تەحەدایەكى ئەخلاقىیەوە، بەوەی یان دەبێت میواندارى لە چێژی ئارەزووی جەستە بكات، یان مۆدیلی تەكنۆلۆژی وەك مۆدیلێكی بێ مۆراڵى بسەلمێنێت. بێگومان بنەمای ئەو تەحەدایە لە ململانێی رەسەنێتی و ناڕەسەنێتی جوانتر دەردەكەوێت.. بە دڵنیاییەوە ئەگەر چەمكی خەیاڵ لەو خوێندنەوەیەدا وەلا بنێین، ئەوە تەحەدای مۆڕالی تاكە هەوڵێكە بەرانبەر نەزمى داگیركارانەی چێژی تەكنۆلۆژیا بوەستێتەوە.
ئەگەر ئارەزووی جەستە و ئاوێزانبوون وەك سیمایەكی ژاكاوی پەیوەندی نێرسالارانە تەماشا بكەین، ئەوە هێشتا مۆدیلی تەكنۆلۆژیا شتانێكی مێسالارانەی جیاوازی لەپێشەوەیە، كە بتوانێ دووبارە بیبەخشێتەوە و بەشى بكات! واتە مۆدیلی تەكنۆلۆژیا (وەك پەیوەندی و رووبەڕووبوونەوە) هێشتا بەرپرسیارە لە پێشوازییكردنی نێرسالارانەی ئەخلاقیی.. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا بانگی بڵندگەرایی مێسالارانە، بانگی پێدانى ئەدرەسی رووتبوونەوەیە، بە ئارەزووی نێرسالارانە.. تاكو لە سێنتەرگەرایی بێتە دەرەوە و بە دابەشبوون رازی بێت؟
لەبەر ئەوەی ئەویدیكەی جیاواز چیدی لە ماڵی نێرسالارییدا نییە و لە ژێر ئاسمانێكى بێ پەچەتر و بڵاودایە. لەبەر ئەوەی چیدی ئارەزووی جەستە ئارەزووی خستنەناوەوەی كۆبۆوە بەرانبەر بڵاوبوونەوە و دابەشكردن نییە، لەبەر ئەوەی ئەوە تەكنۆلۆژیایە دەبێتە زانیاری و خێرایی، نەك ئارەزووی جەستە.. ئیتر ئەو ململانێیە دەبێتە تووندوتیژیى بەرانبەر ئەو ئارەزووەی ماوەتەوە.. بەرانبەر ئەو سوبێكتەی بە هۆی تێپەڕاندنى كاتى تێپەڕێنراو دەكێشێتەوە و دەكەوێتە نێو ڕابردووەوە و لە ئێستا وندەبێت. ئەگەرچی ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە هەمیشە پەیڕەوى دراوسێتیەكی باش دەكات، بەدەم بانگییانەوە دەچێت، با ئەدرەسەكە هەڵەش بێت..
ئازارى ئەدرەسی هەڵە لە كوێیە؟ لەوێوەیە كاتێك ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە، ئەو ئارەزووەی لەبەرانبەر فرە زانیاری و خێراییدا ماوەتەوە، ئەو رەسەنە، وندەبێت.. وندەبێت بەرانبەر گوتاری ناڕەسەنی دەرەوە كە لە قسەكردن بە واتا سادەكەى زیاترە، لەوێشەوە هەر كە لە خۆی دەڕوانێت شەرم لەخۆی دەكات و ئارەزووەكانی دەكشێنێتەوە لە كشانەوەشدا پێش هەموو پرسێك داواى (ببوورە) دەكات.
پرسی (ببوورە)
لە تاقیكردنەوەی زانستیدا
تەكنۆلۆژیا لە ماوەی كاركردنیدا زانیارییەكی خێرا و زۆری ئاشكرا كردووە.. لەبەرانبەردا ئارەزووی سوبێكتی رەسەن پرسی میوانداریى (دراوسێی)ی بێمەرج بەرز دەكاتەوە.. واتە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئارەزووی سوبێكت لەبەرانبەر چەمكی بڵابوونەوەی تەكنۆلۆژیدا دەستی لە چەمكی كۆبوونەوە شلكردووە.. بەڵام لای زیرەكی دەستكرد ئەو دەست شلكردنە بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا نەڕۆیشتووە.. هەر شتێ بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا رەتنەبێت، زیرەكی دەستكرد نایخوێنێتەوە.. كەواتە ئەگەر بمانەوێت بە درووستى لە پرسی (ببوورە) تێبگەین، ئەوە دەبێ بە تاقیكردنەوەی تەكنۆلۆژیایی بڵاوبوونەوەدا تێپەڕین..
پرسەكە ئەوەیە ئارەزووی سوبێكتی رەسەن لە دەستى كێ داوای لێبووردن دەكات؟ ئایا تەكنۆلۆژیا داگیرى كردین.. پرسی ببوورە ڕزگارمان دەكات؟! هەڵبەتە (ببوورە) وەك نەریتێكى مرۆڤدۆستانە لە دێرزەمانەوە هەبووە و هێشتایش هەر ماوە، بەڵام هەرگیز تەكنۆلۆژیا (زیرەكی دەستكرد) فریای دووبارەكردنەوەی ئەو پرسانە ناكەوێت، تەكنۆلۆژیا داكۆكی لە خێرایی و زانیاری دەكات وئاوڕناداتەوە..
كەواتە ئەو هاودەنگییەی لەنێوان زانیاریی و خێرایی درووست بووە، لەنێوان بڵاوبوونەوە و دابەشبوون درووست بووە، بەشێك لە هۆكارەكانى هەم قەتیسكردنی مرۆڤدۆستییە لە پیاوسالاری (سەركێشییەكانی ڤالووس)، هەمیش پێشكەوتنە خێراكانی مێسالاری و رووتییە، هەم گۆڕینى دراوسێ بوو لە بەدەمداچوونیی بێ مەرجەوە بۆ چێژ و قازانج و قۆستنەوەى وەك بارمتە..
بەمجۆرە زانیاری و خێرایی چیدی دەرفەتی ئاوڕدانەوەی لە دراوسێ نییە، تەنها وەك بارمتەی پڕ چێژ و سوود نەبێ، نایخوێنێتەوە.. ئیتر تەكنۆلۆژیا روخسارى دراوسێی لە دەرەوە و بۆ دەرەوە دەوێت، دراوسێ وەك ئۆبێكت بەكار دەهێنێت.. كاتێك تەكنۆلۆژیا لە دەرەوە لە سیماى بارمتە، لە سیمای دراوسێ دەڕوانێت، بۆ یارمەتیدانی ئەدرەسی هەڵەی خۆی پێدەدات.. نەك لەبەر ئەوەی خانەخوێ كۆنترە لە بارمتە، نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا بەردەوام گۆڕانكاری و سەیرورەیە و خانەخوێ لەبری بارمتە جێى جیاوازی گرتۆتەوە.. نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا ئەویدیكەیەكی كۆچەرییە و ئاوڕ ناداتەوە، ئەگەرچی خێرایی و زانیارییەكانی چەوساندنەوەى جیاوازیشی لێبكەوێتەوە.. یە كورتی تەكنۆلۆژیا فریا ناكەوێت لەبرى زانستی تاقیكردنەوە لەگەڵ پرسی (ببوورە) ئەخلاقى بێتەوە! جگە لەوەش ئەخلاقیبوونى تاقیكردنەوە لە خێرایی كەم ناكاتەوە.. خێرایی زانیارییەكان بەرپرسیارێتیان نییە.. زیرەكی دەستكرد لە رووى ئەنتۆلۆژییەوە نا-ئەخلاقییە. تەكنۆلۆژیا لەو تووندوتیژییەدا، كە تووندوتیژیى تۆتاڵێتییە و تووندوتیژییەكەی لە خێرایی دەرچووە.. بەردەوام گەمەى بارمتەكان و هەڵگەڕانەوە و جێگۆڕكێ دەكات. لەبەرانبەریشدا سوبێكت كە بارمتەى زمانی نائاگایی و جیاوازیی و داهێنانە لە (ببوورە)دا هاوبەشى تەكنۆلۆژیا بكات، كە دیسان هەر تەكنۆلۆژایە.