ئوزگور ئۆزێل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری-جەهەپە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا لەگەڵ هاوسەرۆكی دەم پارتی لەبارەی لێدوانەكانی مەنسور یافاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرەو سەركردەی جەهەپە لەدژی كورد، وتی، پەیامی جەهەپە ئەوەیە كە لەدەمی سەرۆكەكەیەوە دەیبیستن. لای خۆیشییەوە هاوسەرۆكی دەم پارتی وتی، ئەوەی توركیا پێویستییەتی دیموكراسییە، نەك دەستگیركردنی ئیمامئۆغلۆ.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، دوای تەواوبونی ئاهەنگی نەورۆز لە شاری ئیستانبوڵ، تونجەر باكیرهان، هاوسەرۆكی دەم پارتی و وەفدێكی پارتەكە، سەردانی جەهەپەیان كرد. لەدوای كۆبونەوەی نێوانیان، تونجەر باكیرهان و ئوزگور ئۆزێل، سەرۆكی جەهەپە لێدوانیان بۆ رۆژنامەنوسان دا.
سەرۆكی جەهەپە، سوپاسی دەمپارتی كرد بۆ هاودەنگیان و وتیشی، لەم هەفتەیەدا لە سەرجەم شارەكانی توركیا ئاهەنگی نەورۆز گێڕدرا، ئەوە سەرەتایەكی نوێ و بەئاگاهاتنەوەیەكی نوێ و گەشانەوەی ئومێدی ئاشتییە. پێكەوە بەردەوام دەبین لە خەبات لەپێناو ئاشتی لە توركیا لە قۆناغی داهاتودا.
لای خۆیشیەوە تونجەر باكیرهان، هاوسەرۆكی دەم پارتی وتی، وەكو دەم پارتی هەڵوێستمان رونەو دژی ئەتككردنی ئیرادەی گەلین بە ئامڕازە نایاساییەكان و لەڕێگەی كۆدەتا سیاسییەكانەوە. لە هەر شوێنێك نەبونی یاسا و هەروەها ستەم هەبێت، لە هەر شوێنێك ئیرادەی كورد و تورك ئەتك بكرێت، ئێمە لەوێین، ئێمە هاودەنگین و بەردەوام دەبین لە روبەڕوبونەوەی ئەو ستەمە.
وتیشی، توركیا پێویستی بە دیموكراسییە نەك دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، گەلی توركیا دەیەوێت لە ژینگەیەكی دیموكراسیدا بژی و قەیومی بەسەرەوە نەبێت و سەركوت نەكرێت و دەسەڵاتی دادوەریی وەك داردەستێك بەكارنەهێنرێت.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێك لەبارەی قسەكانی مەنسور یافاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرەو سەركردەی پارتی گەلی كۆماری، كە هێرشی كردە سەر نەورۆزو ئاڵای كوردستان، ئۆزگور ئوزێل وتی، پەیامی حیزب لەسەر ئەم بابەتە ئەو پەیامەیە کە لە دەمی سەرۆكی پارتەكەوە بیستتان.