بەپێی بڕیارێكی نوێی حكومەتی كاربەرێكەری هەرێم پێویستە بۆ لەمەودوا سیمكارتفرۆشەكان مۆڵەتی فرۆشتن وەربگرن و ماوەی یەك هەفتەشی بۆ دیاریكردوون بۆ دەرهێنانی مۆڵەت.
ئاوێنە: سەرجەم سیمكارتفرۆشەكان لە سەنتەری پارێزگاكانی هەرێم ئاگادار كراونەتەوە كە پێویستە لە ماوەی یەك هەفتەدا مۆڵەت دەربهێنن، بەپێچەوانەوە رێگەیان پێنادرێت لە كارەكەیان بەردەوام بن
بۆ دەرهێنانی مۆڵەتەكە پێویستە پێشەكی 300 هەزار دینار بدرێت و دواتریش ساڵانە لە كاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكە پێویستە 150 هەزار دینار بدرێتە حكومەت.
بڕیارەكە گەیشتووەتە سەنتەری پارێزگاكان، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە قەزا و ناحییەكان و ئەو نرخەی كە بۆ دەرهێنانی مۆڵەتەكە وەردەگیرێت جیاوازی هەیە لە نێوان سەنتەری پارێزگاكان و قەزا و ناحییەكان.