مونیرە عەبدولعەزیز: حزبەکان ئافرەت بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن
  2025-03-08       287       

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ئاشکرای دەکات، حزبەکان ژنان بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و بۆ دەنگ کۆکردنەوە بەکاردەهێنن، دەشڵێت "ئەو ژنانەی پۆستی باڵایان بەدەستەوە بوە ڕێژەی گەندەڵی لە وەزارەتەکانیان نەبووە یان زۆر کەمبووە".

ئاوێنە: مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای وت "ئێمە وەکو میلەتی کورد هەم وەکو دین و هەم وەکو کلتور هیچ ڕێگریەک نییە لەپێش ئەوەی ئافرەتان بگەن بە پۆستی باڵا و هەموو زەمینەیەکی لەبارمان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەوە حزبەکانن کە ئافرەت بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و بۆ دەنگ کۆکردنەوە و بەکار دەهێنن".

وتیشی "کەچی لەکاتی وەرگرتنی پۆستە باڵاکاندا ئافرەتانی ناو حزبەکانی خۆیان فەرامۆش دەکەن و ڕۆڵی تەواویان پێنادەن، خۆی وەرگرتنی پۆستە باڵاکان لەناو حزبەکاندا هەتاوەکو بۆ پیاوانیش ململانێی سیاسی و مونافەسەیەکی گەرمی دەوێت تاوەکو بتوانین ئەو پۆستانە بەکاربهێنن، ژنانیش تاقەتی ئەو ململانێ و ئەو مونافەسە و شتانەی نییە لەبەر ئەوەیە ئەمەش وایکردووە ژنان بەجێ بمێنن."

لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هێشتا پێکنەهاتووە، بەوتەی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند "ئەوە دەکەوێتە سەر ئاستی حزبەکان کە چەندی ژنان دەهێننە پێشەوە و پۆستی باڵایان پێدەدەن، ئەوەی کە تائێستا دراوە لە کابینەکانی پێشووتردا هەر شتێکی ڕەمزی بووە وەزارەتێکی لاوەکی بووە".

"ژن توانایەکی زۆر باشیان هەیە هەروەکو پیاوان لە ئاستی زانستی و تواناوە هەتاوەکو دەستپاکی و دڵسۆزیش بۆ کارەکەیان، ژنان دەتوانن ئەو پۆستانە بەڕێکو پێکی بەبێ گەندەڵی ببەن بەڕێوە، تاوەکو ئێستاشی لەسەر بێت و گەر تەماشا بکەین ئەو پۆستانەی کە بەدەستی ژنانەوە بووە گەندەڵی زۆر کەمتری تێدا بووە یان هەر نەبووە". مونیرە عەبدولعەزیز وا دەڵێ
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×