هەسەدە كوژرانی 18 چەكداری بەكرێگیراوی توركیای راگەیاند
  2025-03-08       420       

هەسەدە رایگەیاند، دوێنێ هەینی لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی شەڕڤانان بۆ هێرشەكانی سوپای توركیاو چەكدارە بەكرێگیراوەكانی ئەو سوپایە لە ناوچەكانی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین، 18 چەكداری بەكرێگیراوی توركیا كوژراون و دو ئۆتۆمبێلی سەربازی و ماتۆڕسكیلێكیش تێكشكێندراون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامەكانی شەڕی دوێنێی نێوان شەڕڤانان و گروپە میلیشیاكانی بەكرێگیراوی توركیا لە ناوچە جیاجیاكانی شەڕ بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، دوێنێ لە چالاكییەكی شەڕڤانانی یەپەژەدا لە رۆژئاوای پردی قەرەقۆزاق، 8 چەكداری بەكرێگیراوی سوپای توركیا كوژراون و یەكێكی دیكەش برینداربوە. لە هەمان ناوچەو لە چالاكییەكی دیكەدا رادارێك و كامێرایەكی چاودێری سوپای توركیا تێكشكێندراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەر دوێنێ لە بەرەی بەنداوی تشرین، میلیشیا بەكرێگیراوەكانی سوپای توركیا دەستیان بە هێرش بۆ سەر شەڕڤانان كردوەو شەڕو پێكدادان دروست بوەو لە ئاكامدا 6 چەكداری بەكرێگیراوی توركیا كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر دوێنێ لە بەرەی باكوری بەنداوی تشرین لە چالاكییەكی شەڕڤاناندا دو چەكداری بەكرێگیراوی توركیا كوژراون و ماتۆڕسكیلێكیش تێكشكێندراوە، كاتێك میلیشیاكان هەوڵی ئەوەیان داوە تەرمی ئەو دو چەكدارە بەرنەوە، ئۆتۆمبێلێكیان لەلایەن شەڕڤانانەوە كراوەتە ئامانج و تێكشكێندراوە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە، هەر دوێنێ و لە باكوری بەنداوی تشرین، شەڕڤانان لەڕێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی زرێپۆشی میلیشیاكانیان كردۆتە ئامانج، ئۆتۆمبێلەكە بەتەواوەتی تێكشكێندراوەو دو چەكداریش كوژراون كە لەنێویدا بون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×