بارهەڵگرێك كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە بازگەی شێراوە داخڵی هەولێر بوە، بەناوی پكشنینی كاڵاكانییەوە، زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دیناری لێوەرگیراوە.
ئاوێنە: خاوەنانی بارەكە لە پەیامێكدا بۆ عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێن، یەك بارهەڵگر باریان لە بەسرەوە هێناوە، پشکنین و کوالێتی و هەمو شتی لەگەڵە، لە بەسرە بە هەمان شێوە هەموی پشکنین و گومرگی بۆ کراوە، بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە بازگەی شێراوەی هەولێر چەند ماددەیەکیان وەرگرت و بەناوی پشكنین بردیان و یەک ملیۆن و 555 هەزار دیناریان لێوەرگرتین.
خاوەنانی بارەكە دەڵێن، ئێمە بارەكەمان داخڵ کرد، بەڵام ئەمە نرخی کاڵاكان لەسەر خەڵک گران دەکات، بۆ هەمو جۆرە كاڵایەك پارە وەردەگرن، تکایە هیمەتێک بكەن.
پارەكە بەناوی پكشنینەوە لەلایەن كۆمپانیای نیو ستاندەردەوە وەردەگیرێت.

چەند رۆژێك لەمەوبەر، ژمارەیەك لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە پەیامێكدا بۆ عەلی حەمەساڵح وتبویان، کۆمپانیای نیو ستاندەر لە بازگەی شێراوەو بازگەکانی دیكەی سنوری پارتی پارەیەکی زۆر بەبێ هیچ شتێك بەناوی پكشنین لە خەڵک وەردەگرن.
شۆفێرەكان باسیان لەوە كردبو كە کۆنتێنەر هەیە زیاتر لە یەک ملیۆن دیناری لێوەردەگرن، کۆمپانیای گواستنەوە هەیە مانگی پێشو (دو دەفتە دۆلار)ی داوە، یەک پشکنینی وەرنەگرتوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشدابو "دوای پارەدان ئێمە ئازادین لە فرۆشتنی مەوادەکە هەتا ئەگەر ئەنجامی پشکنینیش نەرێنی بێت، بۆمان دەرکەوت تەنیا پارە وەرگرتنە."
بەقسەی ئەو شۆفێرانە، کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەیەو پارە لە کەرەستەی بیناسازیش وەردەگرێت. شۆفێرەكان وتبوشیان، وەزارەتی تەندروستی پەیوەندی بە مەوادی بیناسازی و کشتوکاڵەوە چییە؟