خۆسەریی رۆژاڤا: دەسەڵاتدارانی دیمەشق هۆكاری ئەو شەڕەن كە رودەدات
  2025-03-07       979       

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژاڤا)، لەبارەی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان گروپە عەلەوییە چەكدارەكان و هێزەكانی حكومەتی دیمەشقدا لە ناوچە كەناراوییەكانی سوریا هۆشداری دەدات و دەشڵێت، دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەهۆی خوێندنەوەی نادروستی واقیعی سوریاو لە بەرچاو نەگرتنی فرەپێكهاتەیی سوریا، هۆكاری شەڕەن كە رودەدات.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی رۆژاڤا، ئەمڕۆ هەینی، راگەیەندراوێكی لەبارەی شەڕو پێكدادانی نێوان گروپە چەكدارە عەلەوییەكان و هێزەكانی حكومەتی دیمەشق لە ناوچە كەناراوییەكانی سوریا، بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری، لەكاتێكدایە نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەبارەی ئەو شەڕەی كە لە ناوچە كەناراوییەكانی سوریا رودەدات، پێمانوایە هۆكاری ئەو شەڕە خوێندنەوەی نادروستیی دەسەڵاتدارانی دیمەشق بو بۆ واقیعی سوریاو لەبەرچاو نەگرتنی هەستیاری دۆخی سوریا بەتایبەت ئەو فرە پێكهاتەییەی كە هەیە، ئەو شەڕە نیشتمان بەرەو هەڵدێر دەبات و رەنگە ببێتە مایەی كۆمەڵكوژی گەورە بەرامبەر بە گەلی سوریا.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری داوای لە سەرجەم لایەنەكان كردوە دان بەخۆیاندا بگرن و ئەو شەڕ رابگرن كە دەبێتە مایەی زیاتركردنی بۆشایی نێوان هێزە نیشتیمانییە سورییەكان كە تەنیا گەلی سوریاش باجی ناكۆكی ئەو هێزانە دەدات.

جەختیشی كردۆتەوە كە سوریا پێویستی بە دیالۆگێكی نیشتمانی راستەقینە هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی گەیشن بە ئارامی و چارەسەركردنی سەرجەم ئەو ناكۆكی و كێشە هەڵپەسێردراوانەی كە لەنێوان هێزە سورییەكاندا هەن.

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەیدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری داوای راگرتنی شەڕو پەنابردنە بەر دیالۆگی كردوەو داواشی كردوە گەلی سوریا پشتیوانی ئەوانە نەكەن كە دەیانەوێت ئاگری شەڕی ناوخۆی هەڵایسێنن چونكە دواجار هەموان لەوە زیانمەند دەبن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×