زانیاریی لەبارەی هاتنی شەپۆلێكی بارانی بەخوڕو و تەرزەو هەورە بروسكە
  2025-03-06       782       

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند، لە سبەی هەینییەوە، شەپۆلێكی بارانی بەخوڕو تەرزەو هەورە بروسكە، بەڕێژەی جیاواز ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوەو ئەگەری دروستبونی لافاو لە بەشێك لە ناوچەكانی گەرمیان هەیە، بڕی بارانی پێشبینیكراویش لە ناوچەكانی هەرێم دەخاتەڕو.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"سبەی ھەینی 7/3/2025 لە کاتەکانی بەیانییەوە قۆناغی بەھێزی ناجێگیری کەش کە سەرچاوەکەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سورە لەناوچەکانی باشور و رۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو، بۆ کاتەکانی ئێوارە كاریگەری شەپۆلەكە دەگاتە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و سنوری ئیدارەی گەرمیان و پاشان لەشەودا کاریگەرییەکانی بەھێز ئەبێت بۆ بارانی بەخوڕو تەرزەو چالاکبونی ھەورە بروسکەی توندو چالاکبونی بای باشوری رۆژھەڵات بەخێرایی 15-40 کم/ک لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و ئیدارەی گەرمیان و ئەگەری لافاو لە رۆژھەڵات و ناوەڕاستی عێراق و باشورو ناوەڕاستی گەرمیان ئەبێت.

ئەو شارەزایە وتوشیەتی، ھەر لەکاتەکانی شەودا کاریگەری ئەو شەپۆلە بەڕێژەیەکی مامناوەند سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک دەگرێتەوە و بەڕێژەیەکی لاوازیش سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆکیش دەگرێتەوە و تا نیوەڕۆی رۆژی شەممە 8/3/2025 لوتکەی بەھێزی حاڵەتەکە ئەبێت، پاشان لاواز ئەبێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەڵام بۆ رۆژانی شەممە و یەکشەممەو دوشەممە 10/3/2025 بەشێوەی دروستبونی تاوە بارانی جیاجیا و ھەورە بروسکە ناجێگیری کەش بەلاوازی بەردەوامی ئەبێت لەکات و شوێنی جیاوازدا بەتایبەت لەناوچەکانی باشوری ھەرێم و دواتر کۆتایی بەو شەپۆلە دێت.

بەپێی قسەی ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی بڕی بارانی پێشبینیکراو لەماوەی ئەو شەپۆلەدا بەمجۆرە دەبێت:

-لەناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژھەڵات و رۆژئاوای عێراق و ئیدارەی گەرمیان ئەگەری بارینی 30 بۆ 60 ملم باران ئەبێت.

-ناوچەکانی پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و کەرکوک 15 بۆ 35 ملم.

-ناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین 5 بۆ 10 ملم.

ئاراس جەبار هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەگەر ھەیە لەھەندێ شوێندا بەدیاری نەکراوی لەو ناوچانەی لوتکەی بەھێزی کاریگەری ئەم شەپۆلەی لەسەرە زیاتر لە 100 ملم باران ببارێت بەھۆی دروستبونی ھەوری بەھێزی سوپەرسێڵ لەگەڵ بارینی تەرزە بە قەبارەی گەورەو دروستبونی لافاوی خێراو کەوتنی تەوژمە بای بەھێز لە ھەورە کەڵەکەکانەوە بەتایبەت لەناوچەکانی عێراق، ئەم ئەگەرانەش بەتایبەت لە سبەی شەو بۆ بەرەبەیانی رۆژی شەممە 8/3/2025 رودەدەن کە لەو ماوەیەدا شەپۆلەكە بەھێز ئەبێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، پلەکانی گەرماش لە رۆژی شەممەوە بەجیاوازی ناوچەکان 4 تا 7 پلە بەبەڕاورد بە سبەی هەینی نزم دەبنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×