لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، ژن و مێردێکی بەتەمەنی کورد لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران و زێڕ و پارەیان دزراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٦ی ئازاری ٢٠٢٥، میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هەریەک لە حوسێن حەسەن عوسمان، تەمەن ٧٥ ساڵ و هاوسەرەکەی بەناوی عەتیە ئەحمەد عوسمان تەمەن ٦٥ ساڵ، لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا لە دیمەشق بە گوللـە کوژراون.
هاوکات، حەمادە حوسێن، کوڕی قوربانییەکان دەڵێت: "دایک و باوکم بە تەنیا لە دیمەشق دەژیان، ئەوان نزیکەی ٥٠ ساڵە لەوێ دەژین، بەڵام من ١١ ساڵ پێش ئێستا گەڕامەوە رۆژئاوای کوردستان."
باسی لەوەشکردووە، ، دایک و باوکی دوای بەربانگکردنەوەی رەمەزان کوژراون و لایەنی ئەمنیی دیمەشق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هۆکارێکیان لەسەر تاوانەکە پێ نەگوتوون.
ئەو کوڕە ئاماژەی بەوەشداوە، بکوژەکان زێڕ، پارە و هەندێک شتی ناوازە (توحفە) کە لە ماڵەکەدا هەبوون، دزیویانە."