دادگای فیدڕاڵی دوای ساڵ و نیوێک بڕیار لەسەر سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی دەدات 
  2025-03-05       834       

دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ ٥ی ئادار، لەسەر سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات.

ئاوێنە: وەهاب هەڵەبجەیی لە مانگی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳ سکاڵاکەی تۆمار کردووە. لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوو دادگای فیدڕاڵی چەندینجار لەسەر سکاڵاکە کۆبووەتەوە، بەڵام نەیتوانیووە بڕیار بدات.

وەهاب هەڵەبجەی لە سکاڵاکەی داوا دەکات حوکمی دادگای هەولێر دژی هەڵبوەشێتەوە کە بەپێی یاسای ژمارە ۳ی ساڵی ۲۰۰٦ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای ژمارە ۷ی ۲۰۱٨ بەسەریدا دراوە و لەحاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە و بەنادەستوری دانانی کارکردن بەیاساکە سەدان حوکمی دادگاکانی هەرێم بەیاسای ژمارە ۳ی ۲۰۰٦ هەڵدەوەشێنەوە.

لە مانگی حوزەیرانی ۲۰۲۳، دادگای ئاسایشی هەولێر بەتۆمەتی کوشتنی هاوکار جاف حوکمی لە سێدارەدانی بەسەر شەش کەسدا سەپاند لەناو بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی دژە تیرۆری سلێمانی لەناویاندا وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دژە تیرۆر و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی.

لە کاردانەوەدا یەکێتی تۆمەتەکان و حوکمی دادگای هەولێری ڕەتکردەوەو بە سیاسی و بێ بنەما ناوی  برد. وەهاب هەڵەبجەیش لەدادگای فیدڕاڵی دژی ڕێکارو بڕیارەکانی دادگای هەولێر سکاڵای تۆمار کرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×