د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
سەرەتا:
لەم گوتارەدا باسێک دەربارەی چەند توخمێکی گرنگ و بەربڵاو و ترسناک دەخەینە ڕوو، لەپێناو ئەوەی کە تۆی خوێنەر ئاگاداری ئەم توخمانە بیت و چەند زانیارییەکی بەسوود بەدەست بێنیت، و لەلایەکی تریشەوە بزانیت کە چەند ژەهراوین ئەگەر بە دروستی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت و بە بێ ئاگایی و بە بێ پرسی پزیشک بەکاربهێنرێن!
ئەم توخمانە بریتین لە : ئەلەمنیۆم و ئارسنیک و کادمیۆم و قوڕقوشم و جیوە ( شێوەی ژمارە ١)، دروستە هەندێک توخمی تریش هەن کە ژەهراویین بەڵام ئەم کۆمەڵەیە بڵاون. پێنج توخمی گرنگ و تائاستێک هەندێکیان ناسراون و بەگشتی خەڵکی ئاگاداریان هەن، بەڵام لەوانەیە کادمیۆم و ئارسینیک لەلای خەڵکی زۆر ناسراو نەبن.
شێوەی ژمارە ١: خشتەی خولیی توخمەکان و هەر پێنج ژەهرە توخمەکە دیاریکراون (سەرچاوەی ژمارە ١ ).

پێنج توخمەکە:
چەند سەرنجێکی کورت و پوخت سەبارەت بە هەر پێنج ژەهرە توخمەکە لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە (٢):
ئەلەمنیۆم: کاریگەری لەسەر ئەندامەکانی وەک گەدە و ئێسکەکان و مێشک هەیە.
ئارسنیک : کاریگەری بۆ سەر میتابۆلیزمی خانەکان هەیە و بەڕێگەی جیاواز، وەک ئاو وهەوا وخواردنەوە دەگوێزرێتەوە (٣).
کادمیۆم: یەکێکە لە ژەهرە توخمەکانی، کە لە جگەرە و هاوشێوەکانیەوە بەرهەمدێت و دەچێتە بەرگەهەوا و پیسی دەکات. کادمیۆم بەڕوونی وزانستیانە دەرکەوتووە هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەو بەرزی فشاری خوێن و ناڕێکی بەرگری جەستەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لەکۆنەوە ناسراوە بۆ دروستکردنی سترێس و هۆکارە بۆ درەنگ فێربوون. ئەم توخمە کاریگەری لەسەر گورچیلەکان و میزەڕۆ و دڵ و چوونی خوێن بۆ مێشک و سەنتەری بۆنکردن و هەر کردارێک گەشەی شێرپەنجە زیاد بکات هەیە.
قوڕقوشم: کاریگەری لەسەر ئێسکەکان و جگەر و گورچیلە و پەنکریاس و دڵ و مێشک و سیستەمی دەمارەکان هەیە.
کادمیۆم و قوڕقوشم بەڕێژەیەکی زۆر لە ئاوی ناو کێڵگەکانی برنجدا تۆمارکراون، کە ئەمەش بێگومان وادەکات برنجەکەش بەو دوو توخمە دەوڵەمەند بێت و کاریگەری ڕاستەوخۆ لە تەندروستی مرۆڤ بکات (٣).
جیوە: کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار و سەنتەری ئازارلە مێشکدا و سیستەمی بەرگری لەش و دیواری خانەکان هەیە.
بەرگرییە توخمەکان:
لەپێناو کەمکردنەوەی ئەم توخمانە لەلەشدا و دابینکردنی بەرگری تەواو بۆلەش بەرانبەریان و ڕێگری کردن لێیان تا زیان بە جەستە نەگەیەنن، دەکرێت لە ڕێگەی وەرگرتنی بڕێک لە چەند تۆزقاڵە توخمێکی ترەوە لەش لە ژەهری ئەم پێنج توخمە بپارێزرێت.
واتە بۆ بەرگریکردن و دوورخستنەوەی ئەلەمنیۆم دەکرێت توخمی مەگنیسیۆم بەکاربێت. بۆ ڕێگریکردن لە توخمی ئارسنیک دەکرێت ئایۆدینی فرە سێلینیۆم، یان کالسیۆم، یان زینک و ڤایتامین سی و گۆگرد و ترشی ئەمینی، کەلە سیر و هێلکە وباقلەمەنییەکاندا هەن بەکاربێت. بۆ ڕێگری لە توخمی کادمیۆمیش زینک و کالسیۆم و ڤایتامین سی و گۆگرد و ترشی ئەمینی کەلە سیر و هێلکە وباقلەمەنییەکاندا هەن بەکاردێت. هەرچی بۆ بەرگریکردن لە قوڕقوشم، زینک و ئاسن و کالسیۆم و ڤایتامین سی و گۆگرد و ترشی ئەمینی کەلە سیر و هێلکە وباقلەمەنییەکاندا هەن بەسوودن. ئەوتوخمانەی بەسوودن بۆ ڕێگریکردن لە جیوە، بریتین لە سێلینیۆم و ڤایتامین سی و پێکتین و گۆگرد و ترشە ئەمینییەکان(٢).
چوونە ژوورەوەی ئەم ژەهرە توخمانە بۆ ناو لەش:
وەک ئاماژەیپێدرا ئەم توخمانە بۆ لەش ژەهراوین و کاریگەرییان لە سەر جەستە دەردەکەوێت، ئیتر لەوشوێنەدا بێت کە دەچنە ژوورەوە، بۆ نموونە سییەکان کە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەناسەوە دەچنە ناو لەش، یان لە ڕێگەی مژینەوە دەچنە ناو لەش. کاتێک ڕاستەوخۆ دەچنە ناو لەش، ئەوا کاریگەرییان خێرا دەبێت، واتە پێش مژین دەردەکەون و لەوانەیە کاریگەری وەک داخوران، یان کاریگەری کیمیایی خێرا ڕووبدات (وەک بەرکەوتن بە ترشێکی خەست). نموونەیەکی تری بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ وەک کاریگەری گازی کلۆراین، کاتێک هەڵدەمژرێت و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر شانەکانی ناو سییەکان بەجێ دێڵێت و تێکشکان و هەوکردن ڕوودەدات. نموونەیەکی تری بەرکەوتن بریتییە لە کاریگەری ماددەیەکی وەک ڕیشاڵەکانی ئەسبێستۆز، یان بیریلیۆم کە وا دەکەن لەناو سییەکاندا بگیرسێنەوە و هۆکارێکن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان. هەروەها هەندێکجار لەوانەیە دەنکۆڵەکانی ناو هەوا گەورەبن و بە مژین لەناو خوێندا نەگوێزرێنەوە، بەڵام ئەمانەش وادەکەن کە بنیشن و ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین و دوانۆکسیدی کاربۆن بگرن، وەک دەنکۆڵەکانی تۆزی خەڵووزی بەردین و ڕیشاڵەکانی ئەسبێستۆز لە ناو سییەکاندا.
هەرچی کردەی مژین، هەیە ئەوا ژەهرە توخمەکە دیواری خانەکان دەبڕێت و دەچێتە سیستەمی خوێنەوە کە لێرەشەوە بە ڕێگەی مژین کاریگەر دەبێت.کاتێک ئەم ژەهرە توخمانە دەمژرێن و بەرەو ئەندامەکانی لەش دەڕۆن ئامانجیان چوونە ناو خانەکانە، واتە بڵاودەبنەوە. بێگومان پێکهاتەی کیمیایی ژەهرە توخمەکە جۆری ڕێگەی گواستنەوە دەستنیشان دەکات، بۆ نموونە گواستنەوەی چالاک یان ناچالاک، یان بڵاوبوونەوە (Diffusion). هەندێک لەو شوێنانەی کاریگەرن بە ژەهرە توخمەکان وەک کۆئەندامی هەرس، یان سییەکان، یان پێست. ژەهرە توخمەکان لەناو دەمدا بەکەمی دەمژرێن، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی کەم دەمێننەوە و پاڵدەنرێن بۆ گەدە. گەدە کە ترشێتییەکەی بەرزە ( پی ئێجی ١ بۆ ٣)، دەبێتە ناوچەیەکی باشی هەڵمژین بۆ ترشەلاوازە ئەندامییەکان ( بۆنموونە ترشی بێنزۆیک، کە ماددەیەکی پارێزەرە) کە بەشێوەی چەوریی تواوەی نائایۆنی هەن، بەپێچەوانەشەوە تفتە لاوازەکان بە شێوەی ئایۆنی هەن زۆر بەکەمی دەمژرێن. زۆرترین هەڵمژین لەناو ڕیخۆڵە باریکەدا ڕوودەدات، چونکە ڕووبەری مژین فراوانە و کردەی بڵاوبوونەوە ئاسان دەکات. بەهۆکاری ئەوەی لێرەدا پی ئێج بەنزیکی هاوسەنگە (٥ بۆ ٨) بۆیە هەردوو جۆری ترش و تفتی لاواز کە بەشێوەی نائایۆنی هەن بەئاسانی لەڕێگەی بڵاوبوونەوەوە دەمژرێن. هەرچی ترش و تفتی بەهێز و کانزاکان( وەک قوڕقوشم و ثالیۆم) و گەردە گەورەکان هەیە چالاکانە دەگوێزرێنەوە.
دەربارەی سییەکانیش ، زۆرترین مژین لە نێو بۆرییە وردەکانی ناو سییەکاندا ڕوودەدات. بێگومان کاریگەری ژەهرە توخمەکە ئەگەر بەشێوەی گازی بێت زۆر کاریگەر دەبێت، و بڕی مژین ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی توانەوەی گازەکە لە ناو خوێندا هەیە، بۆ نموونە گازی کڵۆرۆفۆرم دەکرێت ڕاستەخۆ و بێ هیچ وزەیەک بگوێزرێتەوە بۆ ناو خوێن. هەرچی دەنکۆڵەکانی ناو هەوا یە ئەوا پشت دەبەستێت بە قەبارەیان.
پێستیش هەروەک یەکێک لە ئەندامە گەورە و گرنگەکانی لەش زوو بە ژەهرە توخمەکان کاریگەر دەبێت ، بەتایبەتی چینی سەرەوە کە ناودەبرێت بە ئێپیدێرم و چینی سەرەکییە بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی ماددەی زیانبەخش، لەناویاندا ژەهرە توخمەکان. ئەم ئێپیدێرمە لە حەوت چین پێکدێت، کە ئەوەی دەرەوەیان گرنگترینە و کیراتینی بەرزە و گوزەرکردەێتی کەم دەکاتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم چینە بەرگری بۆ ماددە کیمیاییەکان لەوانی تر زۆرترە (٢). ئەم ژەهرانە بە ئاسانی لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ناو پێست و خانەکانی ژێرەوەش. کاتێک ئەم ماددە ژەهریانە چینی یەکەم دەبڕن ئیتر بەڕێگەی مژین دەچنە ناو خوێنەوە.
چارەسەر:
ئێستا کەمێک ئاشنابوویت بە زیانەکانی ئەم ژەهرە توخمانە و تائاستێک ئاشکرابوو، کە گەردەکانی ئەم توخمانە کارلێکێکی نەرێنیانە لەسەر خانەکان دەکەن و تێکیان دەشکێنن، یان لەکاری دروستی خۆیان دەخەن بەمەش ئەندامەکانی لەش خراپ دەبن و کاریان باش نابێت، یان پەکیان دەکەوێت. کەواتە بۆ خۆ بە دوور گرتن لەم ماددە ژەهریانە، باشترە مرۆڤ تا دەتوانێت دووربکەوێتەوە لە بەریەککەوتن لەگەڵ سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم توخمانە. بۆنموونە دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتنی بەردەوامی کارگە پیشەسازییەکان و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئاو وهەوای پیسبوو و خواردن و دەرمانی پیس بوو، بەکارنەهێنانی ئەو قاپانەی کە خواردنی تێدەکرێت و لەم ماددانە دروستکراون، یان لە پێکهاتەکەیاندا ئەم ماددانەی تێدایە، دوورکەوتنەوە لە هەڵمژینی ئەوبۆیەی کە قوڕقوشم لە پێکهاتەکەیدا هەیە. ڕێگەیەکی تریش ئەوەیە بەبەکارهێنانی دەرمانی تایبەت کە توانایان هەیە لەگەڵ ئەم ژەهرە توخمانەدا یەکبگرن و لەلەش بکرێنە دەوەرە.
دروستە گشت توخمەکان تا ئاستی دیاریکراوی ئاسایی بەسوودن بۆ لەش و بۆ ژینگەش، بەڵام ترسناکییەکە لەوەدایە کە ڕێژەی توخمەکە زۆر زیاتر بێت لەوەی کە ڕێگەپێدراوە، کە ئەوکات کاریگەری نەرێنی لەسەر لەش و لەسەر ژینگەش دروست دەکات.
سەرچاوەکان:
1-Plummer, C.C., and Carlson, D.H. ,2008, Physical Geology, 12th
Ed., McGraw-Hill, USA, 651p.
2-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Geochemical Exploration, and Medical Geology, Research Publishing, 448p.
3-Selinus, O. (ed.), 2013, Essentials of Medical Geology, Revised Edition, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 805p.