سی ئێن ئێن: ترەمپ بە وەفدەكەی ئۆكرانیای وتووە كاتی رۆیشتنتان هاتووە
  2025-03-01       920       

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، لە كۆشكی سپی مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ تیمەكەی زیلینسكی كراوە، هەروەها ترەمپ بە وەفدەكەی ئۆكرانیای وتووە كاتی رۆیشتنتان هاتووە لەبەرامبەردا وەفدەكەی ئۆکرانیا ناڕەزایەتی دەربڕیوە و داوای بەردەوامی گفتوگۆکانی كردووە، بەڵام زۆر بە سادەیی پێیان وتراوە "نەخێر".

ئاوێنە: کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی رایگەیاندووە، دوای دەمەقاڵێ‌ توندەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڤلۆدیمێر زیلینسکی هاوتا ئۆكرانییەكەی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی دەركراوە.

میدیاکە ئەوەشی خستووەتە روو، دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاریداوە کە زیلینسکی لە دۆخێکدا نییە دانوستاندا بكات، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوە و مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، راسپاردووە، بۆ ئەوەی پەیامێک پێشکەش بە سەرۆکی ئۆکرانیا بکەن و پێیبڵێن "کاتی رۆیشتنتان هاتووە".

سەرچاوەیەکیش بە میدیای "سی ئێن ئێن"ی وتووە "زیلینسكی تاکە کەس نەبووە کەلە کۆشکی سپیدا خراپ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، بەڵکو دەوروبەرەکەیشی خراوەتە دۆخێکی نائاساییەوە".

هەر بەپێی بڵاوکراوەکەی ئەو میدیا ئەمریکییە، ئۆکراینییەکان ژەمی ئێوارەیان لە کۆشکی سپی نەخواردووە، هەرچەندە خواردنەکە ئامادە بووە، لە کاتێکدا کە ژەمی ئێوارە لەسەرعەرەبانە لە راڕەوێكدا لە دەرەوەی نوسینگەی سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی دانرابوو، فەرمان بە فدەكەی ئۆکرانیا كرا بڕۆن.

هاوکات بەرپرسێكی کۆشکی سپیش دەڵێت "ئۆکراینییەکان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و ویستویانە گفتوگۆکان بەردەوام بن، بەڵام زۆر بە سادەیی پێیان وتراوە نەخێر".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×