ئەردۆغان بۆ پەکەکە: ئەگەر بتانەوێت فێڵمان لێبکەن، بەرد لەسەر بەرد ناهێڵینەوە
  2025-03-01       1119       

دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەندراوێکدا ئاگربەستیان راگەیاند لەبەرامبەردا سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەگەر لەم پرۆسەیەدا فێڵ بکرێت، لە کەس خۆش نابن و "بەرد لەسەر بەرد ناهێڵینەوە".

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند "هیوادارم ئەم دەستی ئاشتییەی ئێمە لە هەوادا نەمێنێتەوە، ئەگەر ئەو بەڵێنانەی پێیانداوین جێبەجێ نەکەن، چیتر بەزەییمان نابێت".
 
وتیشی "با کەس لەبیری نەچێت، کاتێک هێزە بیانییەکان لە ناوچەکە دەڕۆن، ئێمە لەگەڵ یەکدی بە تەنیا دەمێنینەوە و، هاوکات دەشڵێت "ئەگەر بیانەوێت فریومان بدەن، ئێمە بەرد لەسەر بەرد ناهێڵینەوە".
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک تورکیای بێ تیرۆریان بەرهەم هێنا، "هیچ کەسێک ناتوانێت لەبەردەم وڵاتەکەماندا بووەستێت".

سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند "لەم پرۆسەیەدا، هیچ شتێک روونادات کە شەهیدەکانمان پێی ناڕەحەت بن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، کاتژمێر ٥ـی ئێوارەی ڕۆژی ٢٧ـی شوباتی ئەمساڵ، ئۆجەلان لە پەیامێکیدا بانگەوازی، چەک دانانی لە پەکەکە کرد و پەکەکەش ڕایگەیاند، پابەندن بە داواکارییەکەی ناوبراو و جێبەجێی دەکەن و شەڕ ڕادەگرن، راشیگەیاند "ئەگەر هێرش نەکرێتە سەرمان هیچ هێرشێکێک ناکەین، ئامادەیین بۆ بەستنی کۆنگرە و خۆهەڵوەشاندنەوە، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی کۆنگرەکە بەڕێوەببات".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×