هاوسەرۆکی دەم پارتی: پێویستە دەستبەجێ چاکسازی سیاسی‌و یاسایی ئەنجام بدرێت
  2025-03-02       334       

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند: ئۆجەلان بانگەوازەکەی کرو پەکەکەش بەئەرێنی وەڵامی دایەوە. ئیتر دەبێت دەستبەجێ چاکسازی یاسایی‌ و سیاسی ئەنجام بدرێت."

 

ئاوێنە: تونجەر باکرهان لەکۆبوونەوەی دەم پارتیدا رایگەیاند "بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی بۆ گۆڕان و گۆڕانکاری کرد. داوای کرد ئەم پرۆسەیە بە شێوازی نوێی دیموکراتیک لەسەر بنەمای دیموکراسی بەردەوام بێت؛ ئەمە زۆر گرنگ بوو. داوای کرد ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی شەڕی ٥٠ ساڵەوە بگوازرێتەوە بۆ چوارچێوەی دیموکراسی و کێشەکان بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێن".

باکرهان وتی ""ناوی بانگەوازییەکەش زۆر گرنگە. بانگەوازیی بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک' بوو. هەروەها دوای ئەم بانگەوازییە یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین. بەو پێیەی ئەم بانگەوازییە بۆ گۆڕان و گۆڕانکاریییە نەک هەر لە حکومەت، بەڵکوو لە لایەنە سیاسییەکان، لە ئێمە و لە هەموو لایەک داوا دەکرێت. سەردەمی نوێ قۆناغی گۆڕان و گۆڕانکاری دەبێت. هەروەها ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندیدا تاوتوێی لەسەر نەخشەڕێگاکە دەکەین".

وتیشی "سڵاو و ڕێزی خۆم ئاراستەی بەڕێز ئۆجالان دەکەم. چونکە سەرەڕای هەموو هەلومەرجێکی نەرێنی، سەرەڕای زمانی ژەهراوی و هەڕەشەکان، ئەم ڕۆژەی خوڵقاندووە، تێکۆشانێکی زۆری داوە و ئەم دەرفەتەی بۆ ئاشتی لەتورکیا ڕەخساند. گەلانی تورکیا دوای ئەم هەموو رەنجە شایەنی ئاشتییەکی شەرەفمەندانەیە. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئاشتییەکی شەرەفمەند لەم نیشتمانەدا جێگیر بێت".

ئاماژەی بەوەش کرد "بانگەوازییەکەی بەرێز ئۆجالان دەستوەردانێکی بوێرانە و مێژووییە لەم ڕابردووە پڕ ئازارەدا. دەیەوێت پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک چاک بکاتەوە، کە بووەتە هۆی ئازار و رەنج و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو دەنێت. لە ڕاستیدا بانگەوازییەکەی بەرێز ئۆجالان بانگەوازێکی نوێ نییە. هەروەها ڕای گشتی دەزانێت کە لە ساڵی ٢٠١٤وە چەندین جار بانگەوازی هاوشێوەی کردووە و نەخشەڕێگای بۆ داڕشتووە. بەڵام بەداخەوە ئەم بانگەوازیی و نەخشەڕێگایانە گرنگی پێنەدران. سەرەڕای ئەم بارودۆخە نەرێنی و تێکدەرانەیە، ئەم بانگەوازییە کرا و ئەمەش ئاماژەیە بە هەڵوێستێکی جدیی و سەبر. ئەم بانگەوازە نابێت بێ ئەنجام بێت. بۆ ئەمەش گەورەترین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەنجومەنی پارتەکەماندایە. بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتدایە. بۆیە نابێت ئەم بانگەوازییە تەنها وەک بانگەوازییەک بمێنێتەوە. دەبێت لەبواری کردارییەوە هاوتەریب لە هەموو بوراێکەوە کاری لەسەر بکرێت ئەمەش ئەرکی هەموو لایەکمانە".

باکرهان وتی "ئەم بانگەوازە بەرپرسیارێتییەکی مەزن دەخاتە ئەستۆی هەمووکەسێکەوە کە تورکیایەکی دیموکراتیکی دەوێت. با کەس لەم بەرپرسیارێتییە خۆی دوورنەگرێت. ڕێگری کردنی ئەم پڕۆسەیە، بەڕاستی دەبێت بە مەترسییەکی گەورە لە دژی گەلی تورکیا. دەبێت ئەم بانگەوازە بۆ بەرەژەوندی پارتێک بەکارنەهێنرێت. ئەمە دەبێت مەترسییەکی گەورە. بانگەوازێک داهاتووی هاوبەشی مرۆڤ بە بنەما دەگرێت باشە، دەبێت مرۆڤ پیرۆزی بکات و پشتگیری بکات".

وتیشی "ئەگەر پڕۆسەی فریودان نەبێت، دەبێت ئیدی زەمینەیەکی کلاسیک و قسەی کڵیشەی موخاتبەکان نەکرێت. هەروەها هەڵوێستی باخچەلی لە بەرانبەر بانگەوازەکە و هەڵوێستی پەکەکە بە بەها دەبینین. دوێنێ گوتی (ڕێگە نادەین ئەم بانگەواز تێک بدرێت). ئەمە بەهادارە. هەربۆیە پێویستە گرەنتی یاسایی دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×