سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئاوێنە: ئەو سەرچاوەیە بە (بەغداد یهوم)ی ڕاگەیاند، "ئەو لیستانەی حکومەتی هەرێم ڕەوانەی بەغدادی دەکات وردبینییان بۆ کراوە، لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتووشدا دەست بە دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەران لە کوردستان دەکرێت، دوای ئەو هەموو کێشانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕی 950 ملیار دینار بۆ دابینکردنی دارایی مووچەی مانگی شوبات ڕەوانە دەکات، دوای ئەوە حکومەتی هەرێم خشتەیەک بۆ خەرجکردنی مووچە ڕادەگەیەنێت".
دوێنێ شەممە (1ی ئازاری 2025)، سەرچاوەیەکی بەرپرسی کورد ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی شوبات بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە کێشەیەک لە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند هەیە.
پێدەچێت ئەو سەرچاوەیە ترسی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت، "حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ بەغدا و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی مووچە".