درەنگانی شەوی رابردو، هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی چونەتە سەر ماڵی سێ رۆژنامەنوس و دەستگیریان كردون و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.
ئاوێنە: درەنگانی شەوی رابردو، هێزێكی ئەمنی چونەتە سەر ماڵی هەریەكە لە رۆژنامەنوسان نەبەز شێخانی، بەشدار بازیانی و دانا ساڵح دەستگیریان كردون.
نەبەز شێخانی لە پێگەی تودەی نیوز سەربە رەوتی هەڵوێست كاردەكات و هاوكات لەگەڵ دو رۆژنامەنوسەكەی دیكە لە پێگەی میدیا21 كاردەكەن. دانا ساڵح مامۆستای زانكۆی سلێمانیشە.
بەپێی قسەی كەسوكاری یەكێك لەو رۆژنامەنوسانە كە قسەی بۆ ئاوێنە كردوە، هێزە ئەمنییەكە نزیكەی سەعات 1ی شەو هەڵیانكوتاوە سەر ماڵی رۆژنامەنوسەكە و پێیان وتوە لەگەڵیان بڕوات بۆ لێكۆڵینەوە دوای نیو سەعات دەیگەڕێننەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا چارەنوسی نادیارە. وتیشی، هێزە ئەمنییەكە مۆبایل و كەرەستە رۆژنامەوانییەكانی رۆژنامەنوسەكەشیان لەگەڵ خۆیاندا بردوە.
هەرچەندە تاوەكو ئێستا بەڕەسمی هیچ شتێك بە كەسوكارییان نەوتراوە كاتێك سۆراغیان كردون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان هەر سێ رۆژنامەنوسەكە لە ئاسایش هێڵدراونەتەوە.