2025-03-03   436     
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا ئەو کەسەمان دەستگیر کرد کە ئێوارەی دوێنێ لە سەرچنار پیاوێکی کوشت."
ئاوێنە::بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، کوژراوەکە ناوی جاسم کەریمە، شۆفێری ئەمبوڵانس بووە لە فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، ئەو کەسەشی تۆمەتبارە بە کوشتنی جاسم ناوی "خ. ئـ"ـە و پوورزا و ژنبرای کوژراوەکەیە.
لەبارەی رووداوەکەوە پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، جاسم لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پوورزاکەی بووە بە شەڕیان و سەرەنجام ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
شەوی شەممە 1ـی 3ـی 2025، کێشە کۆمەڵایەتییەکە لەنێوان هەردوولادا چارەسەر کراوە، بەڵام دوێنێ یەکشەممە 2ـی 3ـی 2025، دەمەوئێوارە جاسم بە دەمانچە لەلایەن پوورزاکەیەوە کوژراوە، گولـلەیەک بەر قاچی و گولـلەیەکیش بەر دڵی کەوتووە، بە برینداری براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
جاسم خاوەنی کچێکی شەش ساڵانە، "لە مزگەوتی مەشخەڵان نوێژی عەسری کردووە و دواتر بە زمانی بەڕۆژووەوە کوژراوە."
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکە هەڵاتووە، بەڵام دوای هەشت کاتژمێر دۆزیویانەتەوە و دەستگیریان کردووە.