دوابەدوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ دانانی چەک، ڕۆژنامەنووسێکی تورک ئەوە ئاشکرا دەکات کە "ئازادییەکی سنودار بۆ ئۆجەلان" دەستبەر دەکرێت.
ئاوینە: نوڕەی باباجان، رۆژنامەنووسی رۆژنامەی نەفەس ئاماژە بەو ئامادەکارییانە دەکات کە لەپشت پەردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا دەکرێت، ئەو نوسیویەتی "ئەگەر پڕۆژەی دەستپێشخەریی ئاشتی بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە بەرەوپێش بچێت، ئۆجەلان بەشێوەیەکی سنووردار ئازاد دەکرێت، لەئیمرالی نیشتەجێ دەبێتو سەردانکەر دەتوانن بچنە لای، دەتوانێت بەمۆڵەت لەچوارچێوەی سنوورەکانی تورکیادا گەشت بکات، بەڵام ناتوانێت بچێتە دەرەوەی وڵاتو مافی دەنگدانو خۆپاڵاوتنی لەهەڵبژاردندا نابێت".
دەشنوسێت "دەوڵەت سنووری مافی هیوا دیاری دەکات. زانراوە کە پەکەکە ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی دەکات، سەبارەت بەکاتەکەی بۆچوونی جیاواز هەیە. سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەنقەرە باس لەوە دەکەن کۆنگرەی پەکەکە دوو هەفتەی تر بەڕێوەدەچێتو ئەگەر هەموو شتێک بەباشی بەڕێوە بچێت، لەهاویندا قسە لەسەر مافی هیوا دەکرێت، ئەگەر تەواوی پلانەکە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەو شێوەیە بڕوات کە دەوڵەت پێشبینی دەکات، ئەگەر پرۆسەی هەڵوەساندنەوە، چەک دانان، گواستنەوەی کادرەکانی سەرکردایەتی بۆ وڵاتانی دیکە، چۆڵکردنی هەموو کەمپەکان تەواو بکرێن، ئەوا لێبوردنی گشتی دەستپێدەکات. سەرچاوەکان دەڵێن، پرۆسەکە لانیکەم ساڵێک تا دوو ساڵ دەخایەنێت".