وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ڕایگەیاند،ھۆکاری دابەزینی دۆلاری بەرامبەر بەدینار گەڕاندەوە بۆ سێ ھۆکار: کارکردنی بازرگانان بەسەکۆ ئەلیکترۆنییەکان، کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی لەبازاڕ بەھۆی ھاتنی مانگی رەمەزانەوە، کۆمپانیایەکی گەورە لە ھەرێمی کوردستان قیستی دیناری لەسەرە و دۆلارێکی زۆری خستووەتە بازاڕەوە.
ئاوێنە: جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی لەبارەی ھۆکارەکانی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا بەمجۆرە زانیاری خستووەتەڕوو، بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکارە یاساییانەی، کە بانکی مەرکەزی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار گرتوویەتییەبەر، ھاوکات کارکردنی بازرگانان بە سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان ھۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی دۆلار.
وتیشی: ھاتنی مانگی ڕەمەزان و کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی لە بازاڕ یەکێکی دیکەیە لەو ھۆکارانەی، کە نرخی دیناری بەرامبەر بەدۆلار بەرزکردووەتەوە، لەھەمانکاتیشدا خواستی ھاوڵاتیان لەسەر کڕینی دۆلار کەمبووەتەوە.
باسی لەوەش کرد، یەکێک لە ھۆکارەکانی دیکە کە نرخی دۆلاری دابەزاندووە، ئەوەیە کە کۆمپانیایەکی گەورە لە ھەرێمی کوردستان قیستی دیناری لەسەرە و دۆلارێکی زۆری خستووەتە بازاڕەوە.