دوابەدوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت، میدیاکانی تورکیا پێنج خاڵی نەخشە ڕێگای ئاشتی ئاشکرا دەکەنو دەڵێن "پلانی ئەی و بی و جی ئەنقەرە ئامادەیە".
ئاوێنە: دوای بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بۆ چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە، چۆنیەتی کارکردنی ئەم پرۆسەیە بووە بەقسەو باسی میدیاکانی تورکیا، عەبدولقادر سیلڤی نووسەری ڕۆژنامەی حوڕییەت پێنج خاڵ "نەخشەی ڕێگا" خستەڕوو:
١/ ماوەی چاودێریکردن دوو مانگ یان سێ مانگ دەخایەنێت.
٢/ میکانیزم دادەنرێت لەئەگەری بڕیاری قەندیل بۆ دانانی چەک.
٣/ کاتێک پەکەکە بڕیاری دانانی چەک دەدات، سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە چیان بەسەر دێت؟ دەگوازرێنەوە بۆ کام وڵاتو لەکوێ چەکەکانیان دادەنێن؟ میکانیزمەکانیان دادەمەزرێن.
٤/ چەک وەرگرتن لەتورکیا بۆ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان جێدەهێڵرێت، لەعێراق بۆ دەوڵەتی عێراق بەسەرپەرشتی و کۆنتڕۆڵی تورکیەو حکومەتی عێراق جێدەهێڵرێت، لەسوریاش لەژێر کۆنترۆڵی سوریاو تورکیادا دەبێت.
٥/ ناوی ئەو سەرکردە پێشەنگانەی کە لەلایەن تورکیاوە داواکراون، کە ژمارەیان لەدەوروبەری ٣٠ بۆ ٤٠ کەس دەبێت، وەک موراد قەرەیلان، جەمیل بایک، بێسە هۆزات، دوران کاڵکان، موراد قەرەسو، دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی سێیەم، ئەوانەی ناتوانن بچنە وڵاتانی سێیەم لەشوێنێکیی دیاریکراوی عێراق دەمێننەوە".
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات "ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکرێت بزانرێت ئەگەر پەکەکە چەکەکانی دابنێت چی ڕوودەدات، پلانی کاری سەربازیش ئامادە دەکرێت لەئەگەری دانەنانی چەکەکانی. پرۆسەیەکی قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە".