دەمپارتی: دەوڵەت دەبێت هەرچی پێویستە بیكات بۆ جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی ئۆجەلان
  2025-03-03       155       

وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، پێویستە دەوڵەت و دەسەڵات بۆ بەدیهێنانی هەلومەرجەکان هەرچی پێویستە بیکەن لەبارەی جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی ئۆجەلان. دەشڵێت، دەستوبرد گرنگە، نابێت بۆ کات جێبهێڵرێت، بۆ ئەوەی ئەم بانگەوازەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بێتەدی، دەبێت ئەوەی پێویستە بکرێت."

ئاوێنە: ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تەواوی لیژنەکانی پارتەکەیان کۆبونەتەوە و بەردەوام دەبن. جەختی کردەوە ئەم بانگەوازە لە جیهاندا دەنگی دایەوە و پشتگیری لە بانگەوازەکە دەکەن.

وتیشی، وەک دەم پارتی بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازە بۆ هەمو شتێک ئامادەن، تاوەکو زوتر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پرۆسەکە خێراتر بێت، دەسپێشخەریی دەکەن.

ئایشەگوڵ دۆغان ڕاشیگەیاند، ئەم بانگەوازە بۆ هەمو کەسێکە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ هەمو کەسێکی ئاشتیخواز و دیموکراسیخوازە، بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتیشە، وتی: “بەڕێز ئۆجالان بەڕونی وتی: پێویستە ئەم دەرفەتە نەفەوتێنرێت. پەیامی پشتیوانی گرنگ بۆ ئەم دەرفەتە گرنگە هەبوە."

ئایشەگوڵ دۆغان وتیشی “یەکێک لەو شتانەی چاوەڕێ دەکرا، هەڵوێستی قەندیل بو. لەم ڕوە چەندین لێکدانەوە هەبون. بەڵام پەکەکە ڕاگەیاندراوێکی مێژویی بڵاوکردەوە. پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند. وەک دەم پارتی دڵخۆشبوین بەم ڕاگەیاندراوە و هێزی بەم دەرفەتە بەخشی. تورکیایەکمان دەوێت، شەڕی تێدا نەبێت و ئاشتییەکی درێژخایەن تێیدا فەراهەم بێت. بۆیە دەرفەتێکی گرنگە. هەروەها پێویستە ئەم ڕاگەیاندراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ سەیر بکرێت. دەوڵەت و دەسەڵات دەبێت ئەوەی پێویستە بیکەن بۆ ئەوەی هەلومەرجی پێویست بڕەخسێت. وەک دەم پارتی، ئێمە بانگەواز دەکەین. نابێت ئەمە بۆ کات جێبهێڵرێت. بۆیە ئەوەی دەبێت بکرێت ئەمەیە: پێویستە هەمو شتێک بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم بانگەوازە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی."

ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر ڕۆڵی پەرلەمان و وتی: “بۆ ئەوەی یاسا و ماف و ئازادی و دیموکراسی و سیستەمی دادپەروەری بۆ هەموان بڕەخسێت، دەبێت ڕەگەزەکانی یاسای دیموکراتی جێبەجێ بکرێن، پەرلەمان زەمینەی بەجێگەیاندنی ئەم خواستانەیە."

ئایشەگوڵ دۆغان ڕاشیگەیاند، دەبێت دەستبەجێ لە چوارچێوەی یاساییدا وەڵامی پێویست بدرێتەوە و نیگەرانیان بڕەوێنرێنەوە و ئیرادەیەک نیشان بدرێت و یاساکان هەمواربکرێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×