بارەگای بارزانی رایگەیاند، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، پێشوازی كردوە لە وەفدێكی هاوبەشی سێ حزبی باكوری كوردستان و تاوتویی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە كردوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، وەفدە هاوبەشەكەی ئەو سێ حزبەی باكوری كوردستان، پێكهاتبون لە مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان و دۆزگین كاپلان، سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان و مەسعود تەك، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "لەدیدارەكەدا بەوردی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە."
بارەگای بارزانی هێمای بۆ ئەوەش كردوە "هەر لەو كۆبونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەو بەتایبەت سوریا کرا" و مەسعود بارزانی دیدی خۆی بۆ وەفدە هاوبەشەكە لەبارەی "بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان" خستەڕو.