دوای ئەوەی میدیای توركیا بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی رابردو رێگە بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوتری هەدەپە دراوە لە زیندانی ئیدرنەوە ببرێتە لای هاوسەرەكەی لە نەخۆشخانەیەكی ئیستانبوڵ تا لەكاتی نەشتەرگەری هاوسەرەكەیدا لەگەڵی بێت، كەمێك لەمەوبەر سری سورەیا ئوندەر وێنەیەكی دەمیرتاش و هاوسەرەكەی و خۆی بڵاوكراوەتەوە كە لە نەخۆشخانەكە گرتویانە.
ئاوێنە: ئەمشەو دوشەممە، سری سورەیا ئوندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی هەبەر تورك، هەواڵی رێگەدان بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوتری هەدەپەی بۆ یاوەریكردنی هاوسەرەكەی لە نەخۆشخانەیەكی ئیستانبوڵ كە نەشتەرگەری بۆ كراوە، پشتڕاست كردەوە.
هەر لە بەرنامەكەدا سری سورەیا ئوندەر وێنەیەكی دەمیرتاش و هاوسەرەكەی دەمیرتاش و خۆی بڵاوكردەوە كە لە نەخۆشخانەكە گیراوە.
ئوندەر وتی، باشاك دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش توشی نەخۆشییەكی مەترسیدار ببو، پزیشكەكان بڕیاری نەشتەرگەرییەكی قورسییان بۆ دابو، بۆیە بەگوێرەی ئەوەی كە مافی هەمو زیندانییەكە، دەمیرتاش و پارێزەرەكانی داوایەكیان پێشكەش بە وەزارەتی دادی توركیا كرد بۆ ئەوەی دەمیرتاش بتوانێت بچێتە لای هاوسەرەكەی لەكاتی نەشتەرگەرییەكەیدا لەگەڵی بێت و من و پەروین بوڵدان-یش كارمان كرد بۆ هاوكاریكردنیان.
هێمای بۆ ئەوەش كرد كە سەرلەبەیانی سەعات 9 دەمیرتاش لەزیندانەوە هێنرایە ئەو نەخۆشخانەیەی كە هاوسەرەكەی تێدا نەشتەرگەری دەكرا و لەگەڵ ژنەكەی بو تاوەكو نەشتەرگەری كراو نەشتەرگەرییەكەش سەركەوتو بو.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەو كاتەدا كە لە نەخۆشخانە بوین، دەوڵەت باخچەلی تەلەفۆنی بۆ كردم كاتێك بیستبوی دەمیرتاش هێنراوە بۆ نەخۆشخانە تا لەگەڵ هاوسەرەكەی بێت لەكاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەو هەواڵی پرسین.
بەپێی قسەی ئوندەر، نزیكەی سەعات 10ی شەوی ئەو رۆژە دەمیرتاش لە نەخۆشخانەكەوە براوەتەوە بۆ زیندان.