ئا: ئاوێنە
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکات باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بەتەلەفۆن پەیوەندی پێوە کردووە، ئەو دەڵێت "ئۆجەلان لەئیمراڵی بەزارەکی وتی: ئەگەر بەڕێز باخچەلی گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، هەمووان دەگۆڕدرێن".
بوڵدان لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە باخچەلی تەلەفۆنی بۆ کردووەو سوپاسی هەوڵەکانمانی کردووەو وتویەتی هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، بولدان وتی "سوپاسم کردنو پێموت هەموومان پێویستە بەشداری بکەین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت".
وتیشی "زۆر گرنگە کەسێک کە پەتێکی گرتبوو بەدەستیەوە لەپەرلەمانو دەیویست ئۆجەلان لەسێدارە بدرێت، ئێستا پشتگیری لەپرۆسەی ئاشتی بکاتو بڵێت: هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، ئەوەی ڕوویدا لەکەسایەتی باخچەلیدا جێی پێزانینەو ئۆجەلانیش زۆر بەنرخ لێیدەڕوانێت، ئۆجەلان لەئیمراڵی بەزارەکی وتی: ئەگەر بەڕێز باخچەلی گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، هەمووان دەگۆڕدرێن".
بوڵدان هێمای بۆ ئەوەش كردوە، پێویستە بۆ پڕۆسەی ئاشتی هەنگاوی خێرا بنرێن، ژمارەیەكی زۆر كەس بەناڕەوا لە زیندانەكاندان بەتایبەت لەسەر بابەتی سیاسی، لەمبارەیەوە دەبێت هەنگاوی خێرا بنرێن بۆ دروستكردنی دڵنیایی و پاش ئەوە دەكرێت هەنگاوی دیكە بنێرن.
لەبارەی هەڵوێستی قەندیل، پەروین بوڵدان وتویەتی، ئەوانیش ئەركی خۆیان بەجێدەهێنن، بەڵام ئەم شتانە لە ماوەی مانگ و دو مانگدا رونادەن. ئێمە دەڵێین، ئەو پرسانە پێویستە گفتوگۆ و دانوستانیان لەبارەوە بكرێت.
لەبارەی دانانی قەیوم لەجێی بەشێك لە سەرۆك شارەوانییەكانی دەم پارتی لەلایەن حكومەتەوە، پەروین بوڵدان وتویەتی، لە راستیدا ئەم كارانە ئیستیفزازن، ئۆجەلان لەبارەی ئەم بابەوە زۆر توڕەیەو پێی وایە بابەتی دانانی قەیوم، بابەتێكی ئیستیفزازییەو پێی وایە حكومەت دەبێت لەوەدا زۆر هەستیار بێت، ئێمەش هەمان بۆچونی ئەومان هەیە.
پەروین بوڵدان، وتوشیەتی، پێمانوایە راگەیەندراوەكەی پەكەكە لەبارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلانەوە، راگەیەندراوێكی گرنگ بو و ئەوان هەر لە سەرەتاوە جەختیان كردەوە كە لەگەڵ ئۆجەلان دەبن. بەڵام دەشڵێن، دۆخی ئۆجەلان پێویستی بە گۆڕانكارییە، پێموانییە هیچ كێشەیەك بێتەڕێ ئەگەر ئەم هەنگاوانە بنرێن.
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پرسی سوریاش گرنگە، هەر لە سەرەتاشەوە پرسێكی گرنگ بوە. بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ شتێكی رون لەوبارەیەوە نییە، ئێمە نازانین ئەو هەڵوێستە چییە كە توركیا لەوبارەیەوە وەریدەگرێت، بەڵام پێمانوایە ئایندەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو كاركردنی توركیا لەگەڵ كورد، كارێكی گرنگە. ئێمە پێویستمان بە پاراستنی كوردە لە سوریا و ناكرێت بەهیچ شێوەیەك بەتەنیا بەجێیان بهێڵین. ئەگەر توركیا لەگەڵ كورد كار بكات ئەوا سەردەكەوێت.
وتوشیەتی، كۆبونەوەمان لەگەڵ ئاكەپە دەبێت بەڵام هێشتا وادەكەی دیاری نەكراوە. كۆبونەوەشمان لەگەڵ حكومەت و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت.