كەنەكە لە رۆژی جیهانی زمانی دایكدا داوایەك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەكات
  2025-02-20       296       

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-كەنەكە لە پەیامێكدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایكەوە، داوا لە حكومەتی هەرێم لە باشوری كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان دەكات، لە روانگەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانییەوە بە ئەركی خۆیان هەڵسن لە لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ راسپێردرێت.

ئاوێنە: كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-كەنەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی شوبات، بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایكەوە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"لە سەد ساڵی رابردودا سیاسەتی دەوڵەتنەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران و سوریا و عێراق بە ئێستاشەوە نکۆڵیکردن و بێبەشکردنی گەلەکەمان بوە لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، "نمونەی قۆناغی ئێستای دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەبەرامبەر زمانی کوردیدا، کە چەندین مامۆستا و فێرکاری زمانی شیرینی کوردی بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردییەوە خراونەتە زیندانەکانەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێچەوانەی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە."

كەنەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و سازییەکانی مافی مرۆڤ و رەوەندی کوردییە دژی ستەمی سیاسەتی هەردو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بوەستنەوە و فشار بکەن تا گەل و پێکهاتەکانی ناو سنوری دروستکراوی ئەم دو دەوڵەتە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان هەم لە ژیانی رۆژانە و هەمیش لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا هەبێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵییە، بەهۆی هەوڵ و تەقەڵای دڵسۆزان لە ناوخۆ و دەرەوە زمانی کوردی هەنگاوی باشی ناوە و "هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم (باشوری کوردستان)و دەسەڵاتی خۆسەری (رۆژاوای کوردستان)یشە لە روانگەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانییەوە ئەم ئەرکە بە جیدی بەهەند بگرێ و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی لە رۆژەڤ و پلان و ستراتیژیی کارەکانیدا بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ راسپێردرێت و میدیایەکی نیشتیمانی دابمەزرێنرێت تا لەو رێگەیەوە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنرێت."

دەقی پەیامەكە:

ئەگەر نەتوانین بە زمانی دایکیی خۆمان بدوێین، گەر منداڵەکانمان نەتوانن فێری زمانی دایکی خۆیان ببن، ئەو کاتە چ واتایەک بۆ ژیان و بون دەمێنێ!

رۆژی جیهانی زمانیی دایک پیرۆزبێت!

زمانی کوردی کۆنترین زمان، یەک لە دەوڵەمەندترین زمان و خۆڕاگرترین زمانی سەر روی زەمینە. ئەم زمانە بۆ ئێمەی کورد تەنیا هۆیەکی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو لێکچونی رەنگی پێست، باوەڕی هاوبەش و بابەتگەلی دیکەوە کە لەتەک گەل و نەتەوەکانی دراوسێدا سیمای دیاری جیاکەرەوە و خودناسیمانە. هەر بۆیەش لە سەد ساڵی رابردودا سیاسەتی دەوڵەتنەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران و سوریا و عێراق بە ئێستاشەوە نکۆڵیکردن و بێبەشکردنی گەلەکەمان بوە لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، بە تێپەڕبونی کات زمان بەرەو توانەوە لەناو زمانی نەتەوەی سەردەسدا دەبات. نمونەی قۆناغی ئێستای دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەبەرامبەر زمانی کوردیدا، کە چەندین مامۆستا و فێرکاری زمانی شیرینی کوردی بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردییەوە خراونەتە زیندانەکانەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێچەوانەی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.

لەم روانگەوە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و سازییەکانی مافی مرۆڤ و رەوەندی کوردییە دژی ستەمی سیاسەتی هەردو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بوەستنەوە و فشار بکەن تا گەل و پێکهاتەکانی ناو سنوری دروستکراوی ئەم دو دەوڵەتە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان هەم لە ژیانی رۆژانە و هەمیش لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا هەبێت.

لە ئێستای جیهان دا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنیکی پەیوەندی و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان و زیرەکی دەستکردەوە کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر زمان داناوە و گەیاندویانەتە ئاستێکی ترەوە، کە دەتوانرێت بە ئەرێنی کەڵکی لێوەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی گەشەپێدانی زمان و هۆکارەکانی فێرکردن و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەلەکترۆنییەوە.

ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵییە، بەهۆی هەوڵ و تەقەڵای دڵسۆزان لە ناوخۆ و دەرەوە زمانی کوردی هەنگاوی باشی ناوە، بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سوپاس و پێزانینی ئەو هەمو هەوڵە تاکەکەسی ز دامەزراوییانەی ئەو بوارە دەکات و پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت. هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم ( باشوری کوردستان)و دەسەڵاتی خۆسەری (رۆژاوای کوردستان)یشە لە روانگەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانییەوە ئەم ئەرکە بە جیدی بەهەند بگرێ و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی لە رۆژەڤ و پلان و ستراتیژیی کارەکانیدا بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ راسپێردرێت و میدیایەکی نیشتیمانی دابمەزرێنرێت تا لەو رێگەیەوە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، وەک ئەرکی خۆی و کارە بەردەوامەکانیی لە هەوڵ و کۆششی خۆی بۆ گەشەپێدانی زمان و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی بەردەوامدەبێت.

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە هەمو کوردی زمانێک پیرۆز بێت.

ئەرکمانە، بەردەوام لەخەمی گەشەپێدان و پاراستن و لێکنزیککردنەوەی زاروبنزارەکانی کوردیدابین و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا زمانەکەمان بپارێزین و یپێشیبخەین.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک

کۆمسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردە

20ی شوبات 2025

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×