«هەر کەسێک کارتی نیشتیمانی نەبێت کۆبۆنی خۆراكی پێنادرێت»
  2025-02-22       373       

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، «هەر کەس کارتی نیشتیمانی نەبێت کۆبۆنی خۆراكی پێنادرێت».

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەمە 22_ی شوبات_ی 2025 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێم، لەبارەی پرۆسەی کارتی ئەلکترۆنی کۆبۆنی خۆراک ڕایگەیاند، لەدوای جێبەجێکردنی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک، ئەوەی کارتی نیشتمانیی نەبێت، کۆبۆنی ئەلکترۆنی خۆراکی پێنادرێت و ناتوانێت بەشەخۆراکی مانگانە وەربگرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو کۆبۆنە ئەلکترۆنییە دەچێتە ناو کۆدی کارتی نیشتمانی و بەبێ بوونی کارتی نیشتیمانی ناتوانرێت هاووڵاتی تۆماربکرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە بەئەلکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک بکەن، هاوکات زیاتر لە 5 ملیۆن کەس کە دەتوانن سوودمەندبن لە کۆبۆنی خۆراک دەبێت خاوەنی کارتی نیشتیمانی بن.

هەروەها داواشی لە هاووڵاتیان كرد، هەر كەسێك تا ئێستا كارتی نیشتمانیی نییە و دەیەوێت كۆبۆنی خۆراكی بمێنێت، یان كۆبۆنی هەبێت، دەبێت كارتی نیشتمانیی دەربێنێت تا وەک تەواوی هاووڵاتیان سوودمەندبێت لە بەشە خۆراکی مانگانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×