هەردوو شاندی دانوستانکاری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کۆردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥، لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامدا.
ئاوێنە: کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر.
لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا .
هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم.