ئۆجەلان نیو کاتژمێری دیداری لەگەڵ شاندی ئیمرالی تەرخانکردووە بۆ "نارین گوران"
  2025-02-22       1600       
عەبدوڵڵا ئۆجەلان - نارین گوران

ئۆجەلان لەکاتی سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، نیو کاتژمێری دیدارەکەی تەرخان کردووە بۆ قسەکردن دەربارەی کوشتنی نارین گوران کە لەتەمەنی ٨ ساڵیدا کوژراو ڕەخنەی لەتێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی گرتووە.

 

ئاوێنە: تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، هەڵوێست‌و سەرنجی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکەی سەبارەت بەکوشتنی نارین گوران ڕوونکردەوەو رایگەیاند "ئۆجالان نیو کاتژمێری سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، کە نزیکەی ٤ کاتژمێری خایاندووە بۆ کوشتنی نارین گورانی تەمەن ٨ ساڵان تەرخانکردووە".

نارین رۆژی 21-8-2024 لەگوندی چولی سەر بەشارۆچکەی رەزانی ئامەدی باکوری کوردستان بێسەروشوێن بوو، دوای 19 رۆژ تەرمەکەی لەتورەکەیەکدا لەروباری گوندەکەدا دۆزرایەوە، دوای ئەوەی خنکێندرا بوو. ئەم رووداوە باکوری کوردستان‌و تورکیاشی هەژاندو دادگا لەدۆسیەی کوژرانی ناریندا سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر دایک، براو مامەکەیدا سەپاند، کە دەستیان هەبوو لەکوشتنیدا.

هاتیمئۆغوڵڵاری، ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگیدانی ئۆجەلان بەکوشتنی نارین گوران لەو روانگەیەوەیە کە خوازیارن کۆمارێکی دیموکراسی لەسەر بنەمای هاوڵاتییەکی یەکسان دابمەزرێنن‌و ئۆجەلان چارەسەری کێشەی ژنان‌و منداڵانی خستوەتە نێو پرۆسەی ئاشتییەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی "ئەو کاتەی ئۆجەلان بۆ ئەم پرسەی تەرخانی کردووە، ئاماژەیەکی گرنگ‌و سەرنجڕاکێشە لەڕووی چۆنیەتی نزیکبوونەوەی لەم کێشانە".

وتیشی "ئۆجەلان لەدیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی، وتویەتی کە کوشتنی نارین گوران پەیوەندی بەتێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتییەوە هەیەو هەڵەیەو رەخنەی لێدەگرم‌و نابێت بۆ چارەسەری ئەم پرسانە تەنها چاوەڕوانیمان لەدەوڵەت هەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×