گروپێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم، پێداگری لەسەر رەتكردنەوەی "هەژماری من" و تەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەنەوەو داواش دەكەن یەكێتی خۆی لەنێوان ئەو دو بژاردەیەدا یەكلایی بكاتەوەو دەشڵێت، "رۆژی یەكشەممەی داهاتو چاوەڕێی چالاكی جیاوازمان بن لە پەكخستنی سەرچاوەی داهاتە بە تاڵانبراو و نایاساییەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم."
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، گروپێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی، لەبەردەم ئەو سەنتەری نێودەوڵەتی بازرگانییەی كە ئێوارەی ئەمڕۆ كرایەوە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو راگەیەندراوێكیان خوێندەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئێمە پڕۆژەی "هەژماری من"ی دەسەڵاتدارانی هەرێم رەتدەكەینەوە و متمانەمان پێی نییەو موچەی چەندین مانگییان دزیوین، بۆیە داواكارین موچەكانمان، هاوشێوەی موچەخۆرانی عێراق، لە بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە، رەشید و رافیدەین، تەوتین بكرێت.
ئاماژە بەوەشدرا، تەوتینكردنەكە بەشێوەیەك بێت كە موچەكانمان لە دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم رزگار بكرێت و تەمویلی موچەكانمان راستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ سەر هەژمارەكانمان بێت لە بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراق.
ئەو گروپەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوایان كرد، لەو سەنتەرە بازرگانییە نوێیە، لەڕێی نوسینگەی بانكەكانی رەشید و رافیدەینەوە لە پارێزگای سلێمانی بەزوترین كات تەوتینی موچەكانیان دەست پێبكات و وتیشیان"موچەكانمان لە بانكەكانی هەژماری منی دەسەڵاتدارانی هەرێم رزگاربكرێت."
هەروەها داواشیان كرد "دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە لەژێر هیچ ناو و بیانویەكدا هەژماری من بە مامۆستایان و فەرمانبەران پڕ نەكەنەوەو هاوكات پێویستە یەكێتی خۆی یەكلایی بكاتەوە لەنێوان هەژماری من و تەوتیندا."
لەبارەی بایكۆتیش رایانگەیاند "بایكۆت بڕیاری خۆڕسكانەی مامۆستایانە و رەتكردنەوەی كۆیلایەتییە، هیچ كەس و لایەنێك و گروپێك ناتوانێت لەبری ئەوان بڕیار بدات و لەژێر هیچ فشار و بەڵێنێكی ساختەدا بایكۆت بە مامۆستایان بشكێنێت."
جەختیشیان كردەوە "رۆژی یەكشەممەی داهاتو چاوەڕێی چالاكی جیاوازمان بن لە پەكخستنی سەرچاوەی داهاتە بە تاڵانبراو و نایاساییەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم."