كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی 7 خاڵی بڵاوكردەوە و لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمیش ئاماژە بەوە دەکات کە "هاوڕایی دروستبووە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە.
ئاوێنە: كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستی بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکری و هاوکاری هەیە، ئەوەی بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکی سەرجەم لایەنەکانی دەزانین بەرژەوەندیی نەتەوایەتی و کۆمەڵگا بخەنە سەروی تەواوی بەرژەوەندییەکانی دیکە".
ئەوەش هاتووە "پێکهێنانی کابینەی نوێ لە چەندین گەڕی کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروستبووە و، لەسەر زۆر بابەتی سیاسی و ئیداری لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوڕایی دروستبووە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات".
کۆمیتەی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەبارەت بە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێ نەکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکان، کۆبوونەوە جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕوانگەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردووە.
دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی:
ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مهسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمرۆ شەممە ١٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونهوه به ساتێك وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان، سهروهریان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی ههمشه لهیاد دهستی پێكرد، دواتر چەند پرسێکی ناوچەیی و جیهانی و، بابەتی پەیوەست بە ڕێکخستنی ناوخۆیی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیاری پێویست وەرگیرا.
تەوەری یەكەم/ کێشە و گۆڕانکارییەکانی ئاستی جیهان و ناوچەکە، ڕووداوەکانی شەڕی غەزە و هەڵوێستی حکومەتەکانی ئەمریکا، ئەوروپی و عەرەبییەکان و، ئاکامەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بۆ هەردوو لایەنی شەڕکەر و، کاریگەری لەسەر کۆی پرسی فەڵەستین و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و ئایندەی کەرتی غەزە بە تایبەتی و فەلەستین بە گشتی خرانە بەر باس و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
تهوهری دووهم/گۆڕانکارییەکانی سوریا و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بەگشتی و کوردستانی سوریا بە تایبەتی، ئاکامەکانی کەوتنی ڕژێمی بەعس لە سوریا و هاتنە سەر دەسەڵاتی لایەنە بەرهەڵستکارەکان بە سەرۆکایەتی (ئەحمەد شەرع) تیشکی خرایەسەر و، تەواوی لایەنەکانی ئەو گۆڕانکارییە شرۆڤەکران، هەروەها کاریگەریی لایەنە دوور و نزیکە دەرەکییەکان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سوریای نوێ و ئاراستەی سیاسی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا و چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی وڵاتەکە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەسەڵاتی نوێ لە هەمبەر چارەسەری کێشەی کورد و کۆتاییهێنان بە پێشێلکاریەکانی مافەکانی کورد لە ڕابردوودا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەروەها کۆبوونەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە، هاوکات تەواوی هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک بۆ نزیککردنەوە و پێکەوە کارکردنی لایەنە کوردیەکانی سوریا لە پێناو ئەوەی بە یەکەوە بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکانی دامەزراندنەوەی سوریای نوێ بن، بە گرنگ و ئامانجدار هەڵسەنگێنران. لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی گۆڕانکاریی سوریا لەسەر پەیوەندییەکانی وڵاتانی نەوچەکەش خوێندنەوەی پێویستی بۆ کرا.
تەوەری سێیەم/ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ هەرێمی کوردستان،
ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستی بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکری و هاوکاری هەیە، ئەوەی بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکی سەرجەم لایەنەکانی دەزانین بەرژەوەندیی نەتەوایەتی و کۆمەڵگا بخەنە سەروی تەواوی بەرژەوەندییەکانی دیکە.
تەوەری چوارەم/ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی لوبنان،
دوابەدوای ڕووبەڕوبوونەوەکانی حزب اللەی لوبنانی و دەوڵەتی ئیسرائیل و، ئاستی شەڕ و پێکدادانەکان و کاریگەرییان لەسەر دانیشتوانی سەرتاسەری لوبنان و کۆچی بە کۆمەڵی لوبنانیەکان بۆ دەرەوە، هەروەها مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ ئەم ڕەوشە نالەبارە و کردەوە خوێناویانە، گۆڕانکاری لە دید و بۆچوونی لایەنە سیاسیە جیاجیاکانی لوبنان دروستکرد و، بۆ دوای ڕێککەوتن و ئاگربەست پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی لوبنان گۆڕانکاری ڕیشەییان بەسەرداهات، بەجۆرێک هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستدا دامەزراوەکانی وڵاتەکە (سەرۆکی لوبنان و حکومەت) کە ماوەیەکی زۆربوو ئاستەنگیان بۆ دروستکرابوو، هەڵبژێردران و دەستبەکاربوون، ئەم زەمینەیە و کارابوونەوەی دامەزراوەکان کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و، ڕۆڵ و پەیوەندییەکانی حزب اللە لە ناوچەکە دا.
تەوەری پێنجەم/ پهیوهندییهکانی پارتیمان لەگەڵ لایەن سیاسییەکانی عێراق:
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کابینەی بەڕێز (محمد شیاع سودانی) لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداری لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکانی سونی، هەوڵەکانمان بە ئاراستەی پشتگیری حکومەت بۆ بەڕێوەچوونی کار و خزمەتی خەڵک و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت بووە، سەبارەت بە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێ نەکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکان، کۆبوونەوە جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕوانگەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردوە و، کۆبوونەوە تەئکیدی کردەوە کە شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیاسی نەکرێن و ماددە دەستوورییەکان وەکو ئەوەی کە لە دەستووردا هاتوون خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن. هەروەها کۆبوونەوە پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەری هەمیشەیی گیروگرفت و کێشەکان.
تەوەری شەشەم/ بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆ و هەنگاوەکانی دانوستاندن،
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٠ی ئۆکتۆبەی ٢٠٢٤، پارتیمان لیژنەیەکی باڵای تایبەتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان پێکهێنا و، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لیژنەکەمان سەردانی تەواوی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بەشداری هەڵبژاردن بوون کرد، بیروڕا گۆڕینەوە و زەمنەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ لە چەندین گەڕی کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بوو و، لەسەر زۆر بابەتی سیاسی و ئیداری لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوڕایی دروست بووە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکی نزیکدا موژدەی پێکهێنانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کابینەی نوێ لە سەر بنەمای یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزی لەشکر، ڕابگەیەندرێ.
تەوەری حەوتەم/ بابەتەکانی ناوخۆی پارتیمان
– بابەتی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان لە سنووری هەرسێ مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک گەرمیان و بەغدا، کە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ئەو پڕۆسە گرنگە بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا و کۆتایی هات.
– بابەتی پەیمانگای پێگەیاندنی کادران، لە ڕوانگەی گرنگیدان بە پڕۆسەی ڕۆشنبیرکردن و پێگەیاندن و شیاندنی کادران، بیستەمین خولی پەیمانگای کادیران بە گوێرەی پلان و پرۆژەیەکی سەردەمی و نوێ دەکرێتەوە، کۆبوونەوە ئەو بریارەی بە هەنگاوێکی پێویست زانی.
– بابەتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و چۆنیەتی ئامادەکاریەکان، کاری لەپێشینە و گرنگی ئۆرگانە جیاجیاکانی پارتیمان خۆئامادەکردن دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە هەموو ڕوویەکەوە، لەم ڕونگەوە کۆبوونەوە لیژنەیەکی بۆ دیراسەکردنی بابەتە یاسیاییەکان و ڕێکخستنی هەنگاوەکان پێکهێنا.
– دوابەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان لە ناوخۆی هەرێم و سنوورەکانی دەرەوەی هەرێم بە دوو قۆناغ، لیژنەیەکی هەڵسەنگاندن پێکهات بۆ دیراسەکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی پڕۆسەکە و پێشنیارەکان، بۆیە بەپێویست زانرا دەست بە جێبەجێ کردنی ناوەرۆکی هەڵسەنگاندنەکە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە مەکتەبی سیاسی ڕاسپێردرا بۆ کار و هەنگاوی پێویست.
كومیتهی ناوهندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٥ی شوباتی ٢٠٢٥
![](https://xelk.org/wp-content/uploads/2025/02/pdk001.jpg)