فواد حسێن: ئەحمەد شەرع بانگهێشتی بەغدا دەكەین بۆ لوتكەی عەرەبی
  2025-02-14       112       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتی هەمو سەرانی عەرەب دەكەین بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا لەنێویشیاندا ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری قۆناغی راگوزەری سوریا.

ئاوێنە: ئەو قسانەی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا هاتون لەگەڵ كەناڵی فرانس24 كە تێیدا جەختی كردۆتەوە لەوەی عێراق هیچ مەرجێكی نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا، بەڵام هەندێك روانگەی تایبەت بە خۆی هەیە سەبارەت بە ئایندەی سوریا.

وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، من، هاوكارم وەزیری دەرەوەی سوریام بانگهێشت كردوە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكات و بەمزوانە سەردانی عێراق دەكات.

ئەوەشی خستۆتەڕو، سەرقاڵی ئامادەكارییەكانن بۆ لوتكەی عەرەبی كە بڕیارە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

جەختیشی كردۆتەوە "هەمو سەركردەكانی عەرەب بانگهێشت دەكەین بۆ لوتكەی عەرەبی، لەنێویشیاندا ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا، بانگهێشتی بەشداریكردن لە لوتكەكە بۆ هەموان دەڕوات، ئەوەی بەشداری دەكات یاخود نایكات بڕیارەكە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە."

بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع بۆ سوریا لە كاتێكدایە كە ئەو پێشتر وەك ئەندامێكی رێكخراوی قاعیدە لە عێراق زیندانی بو، وەكو خۆی دەڵێ تەنیا دو رۆژ بەرلە راپەڕینی خەڵكی سوریا دژی ئەسەد لە 2011دا، بەڕێكەوت ئازادكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×