بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی جەخت لە پاراستنی مافەكانی كورد و بەشدارییان لە بڕیاری سوریای نوێدەكاتەوەو دەڵێت، هەر هەوڵێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، لەکۆبونەوەکەدا دوپات لە پێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردولا کرایەوە لەپێناو کاراترکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی لەناوچەکەدا.
ئاماژە بەوەشدراوە، دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لەکۆبونەوەکەدا بەوردی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە سوریا تەئکیدکردەوە و رایگەیاند پاراستنی مافی هەمو نەتەوە و پێکهاتەکان بەتایبەت کوردو بەشداربونیان لە بڕیار و بنیادنانەوەی سوریای نوێ زامنی سەقامگیری دەبێت، هەر هەوڵێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە ئەرکی هەمو لایەکە پشتگیری پاراستنی ناوچەکەو سەرخستنی هەوڵەکان بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانیی لەوبارەیەوە.