فەوزیە، ئەو کچە ئێزدییەی لەغەزە رزگارکراو گەڕایەوە لای کەسوکاری لەشنگال 
  2025-02-14       1843       
فەوزیە، هێشتا باری دەرونی خراپە

ئا: عەمار عەزیز

 

فەوزیە ئەمین سەعدۆ، کچێکی ئێزیدییە، تەمەنی  ٨ ساڵ بوو کاتێک کەوتە دەست چەکدارانی داعش، دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ‌و لەکۆتاییەکانی ٢٠٢٤دا لەگەرمەی جەنگی غەززەدا لەو شارە دۆزرایەوەو گەڕایەوە لای کەسوکاری خۆی لەشەنگال.

 

باوکی فەوزیە کۆچی دوایی کردوەو ماڵی باوکی لەگوندی گرزەرکەی سەر بەناحیەی گرعوزێر لەسنوری قەزای شەنگالە، فەوزیە بەھاوکاری‌و ھەماھەنگی چەند دەزگایەکی نێودەوڵەتی‌و جیھازی نیشتیمانی عێراق لەغەزەوە هێنرایەوەو بەکەسوکاری خۆی شادبوویەوە .

یاسر ئەمین، برای فەوزیە باس لەدۆخی خوشکە رزگاربووەکەی دەکات دوای رزگاربوونی، ئەو بەئاوێنەی وت "ھەرگیز بەخەیاڵیش بیرم لەوە نەدەکردەوە جارێکیتر فەوزیە ببینمەوەو رزگاری بێت‌و بگەڕێتەوە لامان، ئەوەندە دڵخۆشین کە رزگار بووە نەبێتەوە، دۆخی ئەو لەڕووی دەرونیەوە ھێشتا ھەر خراپە، لەماڵدا زۆر بێدەنگ‌و کەم قسەیە ، ئامادە نیە بۆ ھیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن قسە بکات‌و باس لە چیرۆکەکەی خۆی بکات ‌و بیگێڕێتەوە".

فەوزیە دواهەمین کەسی خێزانەکەی بووە کە لەژێر دەستی داعشدا بووە، تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی رزگارکراون، یاسر وتی "ئێمەش ناتوانین زۆر قسە لەگەڵ فەوزیە بکەین، نەگەڕاوەتەوە بۆ خوێندنگاو تەنیا مامەڵەکانی ئەومان وەکۆ رەگەزنامەو فایلی تایبەت بەئەومان تەواو کردوە".

 

فەوزیە چۆن لەشنگالەوە گەیشتە غەزە لەفەڵەستین؟

سەرچاوەیەکی نزیک لەکەسوکاری فەوزیە بەئاوێنەی وت "فەوزیە دوای ئەوەی لەشنگال بەدیل دەگیرێت‌و دەبرێتە موسڵ‌و پاشان سوریا، لەوێ چەکدارێکی بەڕەگەز فەڵەستینی، فەوزیە بۆ خۆی دەبات، دوای نەمانی داعش لەسوریا ئەو چەکدارە خۆی ون دەکات‌و دەگەڕێتەوە بۆ غەزە، دوای ماوەیەک لەرێگای قاچاغەوە فەوزیە لەگەڵ چەند خێزانێکی تر دەبرێتە تورکیا، ئەو چەکدارە فەلەستینییە پەیوەندی بەکەسوکاری خۆیەوە دەکات کە لەتورکیا بوون، برایەکەی ئەو دێتە لای فەوزیە، براکەی پێیدەڵێت دەتبەینە لای براکەم کە لەفەلەستینە، بەناچاریی ڕازی دەبێت لەڕێگای فرۆکەخانەی تورکیاوە دەگوازرێتەوە بۆ میسر ئینجا لەوێوە بۆ غەزە".

 ئەو سەرچاوەیە وتیشی  "دوای گەیشتنی فەوزیە بۆ غەزە ماوەیەک لای برای ئەو چەکدارە دەمێنێتەوە. دوای ئەو کێشە لەناو خێزانەکەی دروست دەبێت، فەوزیە دەگوزازێتەوە بۆ شوێنی  ئەو کەسانەی کە "نەخۆشی دەرونی"یان ھەیە، تا ئەو کاتەی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل‌و حەماس روودەدات لەو سەنتەرە دەمێنێتەوە".

 

فەوزیە چۆن رزگار کرا؟

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "فەوزیە لەڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێک بڵاودەکاتەوەو دەڵێت: من کچێکی ئێزیدیم‌و کراوم بەموسڵمان، داوا دەکەم هەر چونێک بێت رزگارم بکەن. دوای ئەوە کونسڵخانەی ئەمریکا ھاتووەتە سەر خەت بەھاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکانی عیراق فەوزیەیان لەغەزەوە گواستوەتەوە بۆ میسر، لەوێشەوە بۆ ئوردن‌و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ بەغداو ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ لای کەسوکاری لەشنگال".

فەرمانگەی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش سەر بەحکومەتی عێراق دوای دەرھێنانی ناسنامەو کۆمەڵێک شتی تری پەیوەست بەدۆسیەکەی، دەبێتە خاوەن مووچەیەکی مانگانە کە حکومەتی عێراق بۆ رزگاربوانی دەستی داعش دابینیکردوە، ئەوەش دوای دەرچوونی یاسایەکی تایبەت بەماف‌و ئیمتیازەکانی رزگاربووانی دەستی داعش لەئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق .

شەھاب ئەحمەد، بەرپرسی لقی شنگالی فەرمانگەی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش  بەئاوێنەی وت "پێش رزگارکردنی زانیاری وردمان لەسەر شوێنەکەی پێگەیشت، ھەروەھا کەسوکاریشی ھەموو زانیارییەکی تایبەت بەدۆسیەکەیان بەئێمەی دا، دواتر لەرێگای پلانێکی رێک‌و پێک‌و بەھاوکاری دەزگای جیھازی نیشتیمانی عێراق‌و چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی رزگارکرا".

وتیشی "سەرەتا کە فەوزیە رزگارکرا، بەڵگەنامەکانی فەرمی وەکو رەگەزنامەو زۆرشتی تری نەبوو، ھەرزوو دەستمان پێکرد تا دووبارە رەگەزنامەو ھەندێک بەڵگەنامەی تری بۆ ئەو دەربهێنین، لەماوەیەکی کەمدا فایلێکی تازەمان بۆ دروستکرد، تەنیا کاروبارەکانی یاسایی‌و ئیدارەی لە دادگا کەمێک دواکەوت، ئەویش لەبەر ئامادەبوونی شایەتحاڵ‌و ھەندێک رێکاری تر".

بەرپرسی لقی شنگالی فەرمانگەی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش، ئەوەش رووندەکاتەوە کە فەوزیە وەکو ھەر رزگاربوویەکی تر مامەڵەکانی ھەمووی لەدادگاو فەرمانگەکانی تر پەسەند کران‌و لەنزیکترین کات مووچەیەکی مانگانەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ دابین دەکرێت‌و ئەگەر پێویستیش بکات چارەسەری دەروونی بێ بەرامبەر بۆی دابین دەکرێت.

دوای رزگار بوونی فەوزیە دەچێتە ئۆفیسی رێکخراوی "بەتریکۆر" بۆ مافەکانی مرۆڤ لەناوەندی شنگال، ئەوەش بەمەبەستی تۆمارکردنی ھەندێک زانیاری لەسەر چیرۆکەکەی بۆ رێکخراوی ناوبراو.

خەیری عەلی، بەرپرسی رێکخراوی بەتریکۆ بۆ مافەکانی مرۆڤ لەشنگال بەئاوێنەی وت "دوای رزگاربوونی فەوزیە سەردانیکردووین‌و تاوتویی چەند بابەتێکی گشتی لەسەر پرسی کچان‌و ژنانی ئێزیدی، ئەوانەی تا ئێستا لەژێر دەستی داعشدان‌و ئەوانەی کە رزگارکراون، ھەروەھا چەند زانیاریەک لەسەر خودی خۆی کە چۆن رزگارکراوە باس کراوەو وەکۆ بەڵگە لای خۆمان تۆمارمان کردوە".

وتیشی "ھەموو رزگاربووانی دەستی داعش پێویستیان بەپاڵپشتی مەعنەوەیی‌و دارایییە، تاوەکو جارێکی تر دەست بەژیانی خۆیان بکەن‌و لەگەڵ کۆمەڵگەدا بژین، ھیوادارین بەرپرسانی پەیوەندیدار بەدۆسیەی رزگاربووان ئەرکی خۆیان بەدروستی جێبەجێ بکەن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×