ماكرۆن: دەستبەرداری هەسەدە نابین
  2025-02-13       801       

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، ئێمە قەرزباری هەسەدەین و نابێت دەستبەرداری ببین. دەشڵێت، پێویستە هەسەدە تێكەڵی سوپای سوریا بكرێت.

ئاوێنە: ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كۆنگرەی پاریس لەبارەی گوستنەوەی سیاسی لە سوریا، رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا گەرەنتی حوكمڕانییەك بكەن كە هەموان بەشدار بن تێیداو رێز لە هەموان بگرێت.

سەرۆكی فەرەنسا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانیكردنی دەسەڵاتی راگوزەر بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سوریا دەربڕی.

ماكرون وتیشی، بەم نزیكانە لە فەرەنسا پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری قۆناغی راگوزەری سوریا دەكەم. بەڵام وادەكەی دیاری نەكرد.

ئاماژەی بەوەشدا، فەرەنسا 50 ملیۆن یۆرۆ پێشكەشی سوریا دەكات بۆ پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی سەقامگیری لە وڵاتەكە.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی شەڕ لە دژی داعش كردەوەو وتیشی، قەرزارباری هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدەین و نابێت دەستبەرداری ئەو هێزانە ببین.

ماكرۆن بە پێویستی زانی هێزەكانی سوریای دیموكرات تێكەڵی سوپای سوریا بكرنێ.

جەختیشی كردەوە كە فەرەنسا ئامادەیە بۆ كاركردنی زیاتر لەپێناو سەركەوتن بەسەر تیرۆردا لە سوریا.

وتیشی، دەبێت ئیدارەی راگوزەری سوریا، بە بایەخەوە سەیری شەراكەت لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتی داعش بكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×