ئێران: نابێت حکومەتی لوبنان ڕێگری لە فڕۆکەکانمان بکات
  2025-02-14       244       

دوای دروستبونی كرژی لە نێوان لوبنان و ئێرانداو هەردولا ڕێگریان لە نیشتنەوەی فڕۆكەی یەكدی كرد، باڵیۆزی ئێران لە بەیروت ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتانە هاوکات بوە لەگەڵ لێدوانەکانی وتەبێژی حكومەتی ئیسرائیل و پێشوازی لە گەشتی هێڵی ئاسمانی لوبنان دەکەن، بەڵام بە شێوەیەک نەبێت کە گەشتە ئێرانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە.

ئاوێنە: موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە لوبنان ئەمڕۆ هەینی بە ئاژانسی هەواڵی SNN-ی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردو حکومەتی لوبنان مۆڵەتی دو گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بو لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە ئێرانەوە بەرەو بەیروت بڕۆن.

 
ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچونیان بۆ ئەو بابەتە کردوە، بێگومان حکومەتی لوبنان بەڵێنی دابو کە ئەم گەشتانە ئەنجام بدرێن، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتانە بوە هۆی دواکەوتنی گەشتیارانی لوبنانی کە لە کاروانەکانی زیارەتدا بون لە فڕۆکەخانەی تاران.

باڵوێزی ئێران لە لوبنان باسی لەوەشكرد، "هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتانە هاوکات بوە لەگەڵ لێدوانەکانی وتەبێژی ڕژێمی ئیسرائیل كە بانگەشەی ئەوەی كردوە ئەو دو فڕۆکەیە کەلوپەلی نایاسایییان پێبوە".

ئەوەشی خستەڕو، "حکومەتی لوبنان داوای کردوە کە فڕۆکەیەکی دیکە جێگەی فڕۆکە ئێرانییەکە بگرێتەوە، بێگومان پێشوازی لە گەشتی هێڵی ئاسمانی لوبنان دەکەین، بەڵام بە شێوەیەک نەبێت کە گەشتە ئێرانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە".

دەشڵێت، "ئێمە لەگەڵ داواکەی حکومەتی لوبنان هاوڕاین، بەو مەرجەی حکومەتی لوبنان ڕێگری لە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران نەکات".

ئەوە لەكاتێكدایە لوبنان لە چەند کاتژمێری ڕابردودا پێشهاتی سیاسی و ئەمنیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی ئەوەی دوێنێ گرژیەکان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی رەفیق حەریری پەرەی سەند و بەو هۆیەوە ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی کرا، ئەوەش بوە هۆی ناڕەزایەتی لە بەردەم فڕۆکەخانەکە.

لەلایەکی دیکەوە، شەوی پێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی لوبنان ڕایگەیاند، فڕۆکە ڕەوانە دەکەن بۆ گەڕانەوەی ئەو لوبنانیانەی كە لە تارانن. بەڵام داواکارییەکەی لوبنان بۆ نیشتنەوەی دو فڕۆکەی لایەن ئێرانەوە ڕەتکرایەوە و دەسەڵاتدارانی ئێران مۆڵەتی نیشتنەوەیان بە لوبنان نەدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×