شارەزایەكی ئابوریی عێراقی دەڵێت، لە عێراق 36 ملیاردێر و 16 هەزار ملیۆنێر هەن و ئەوەش وایكردوە ئەمساڵ بەبۆنەی ڤالانتاین "رۆژی خۆشەویستیی جیهانی"یەوە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی تاهۆ بەرزببێتەوە كە دەوڵەمەندەكان بۆ ئەو رۆژە دەیكڕن و وەك دیاری دەیبەخشن.
ئاوێنە: نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی، ئەمڕۆ هەینی 14ی شوبات، كە هاوكات رۆژی ڤالانتاینە، لە نوسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك، رایگەیاند، رۆژی خۆشەویستی جیهانی بە دیارترین وەرزەكانی ئابوریی دادەنرێت لە جیهاندا كە تێیدا تێكڕای خەرجییەكان بۆ كڕینی دیاری و ئەنجامدانی ئاهەنگەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبنەوەو كەرتی گەشتیاری بوژانەوەیەكی گەورە بەخۆیەوە دەبنێت.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ڤالانتاین هەندێك كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابورییە جۆراوجۆرە جێدەهێڵێت و كۆمەڵەی هەناردەكارانی گوڵ و بەرهەمە زەیتییەكان رایگەیاندوە، توركیا بۆ ئەو بۆنەیە لەمساڵدا 75 ملیۆن گوڵی بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا كردوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئەمریكا خەرجی بەكارهێنان لەم بۆنەیەدا بۆ زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بەرزدەبێتەوە و ئەوەش دەبێتە مایەی خێراكردنی گەشەی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی، لەكاتێكدایە كە ئەو كاریگەرییە ئەرێنییە لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوی وەك عێراق زۆر سنوردارە، چونكە لە عێراق بەرزبونەوەی خەرجییەكان دەبێتە مایەی زیادبونی هاوردەكردن كە ئەوەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابوریی نابێت.
وتوشیەتی، عێراقییەكان پارەیەكی زۆر لە رۆژی ڤالانتایندا لە گەشتدا خەرج دەكەن كە بەپێی مەزەندەكانی بانكی نێودەوڵەتی تێكڕای خەرجی ساڵانەی عێراقییەكان بۆ گەشت دەگاتە 7.5 ملیار دۆلار.
ئەو شارەزایە وتوشیەتی، بەهۆی خراپی دابەشكردنی داهات لە عێراق، توێژێكی كەم خاوەنی گەورەترین داهاتی نیشتمانین و بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی فەرەنسی، 36 ملیاردێر كە خاوەنی زیاتر لە یەك ملیار دۆلارن و هەروەها 16 ملیۆنێر كە هەریەكەیان خاوەنی نێوان ملیۆنێك تا یەك ملیار دۆلارن لە عێراق هەن.
وتوشیەتی، بەهۆی ئەوەوە بۆ ڤالانتاینی ئەمساڵ خواستی زۆر لەلایەن ئەو دەوڵەمەندانەوە لەسەر ئۆتۆمبێلی تاهۆ هەبوە كە وەك دیاری بەو بۆنەیەوە بەخشیویانە، لەكاتێكدا كە نرخی ئۆتۆمبێلێكی تاهۆ دەگاتە نزیكەی 100 ملیۆن دینار و ئەوەش هاوتای موچەی مانگانەی نزیكەی 150 فەرمانبەرە.