دوای بەیعەتدانی موقتەدا سەدر بە ئیمامی مەهدی چاوەڕوانکراو، لایەنگرانی هەڵمەتێکی ئیمزا و پەنجەمۆر بۆ بەیعەتدان بە محەمەدی مەهدی رادەگەیەنن و بەشێکی زۆری شوێنکەوتوانی بە خوێن پەنجەمۆر دەکەن و بەیعەت دەکەن.
ئاوێنە: دوێنێ چوارشەممە (12ـی شوباتی 2025) موقتەدا سەدر پیاوی ئاینی شیعە و رابەری رەوتی سەدرییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، بەناونیشانی "خوایە پەلەم نییە لەوەی دوای دەخەیت و ئەوەش دواناخەم کە دەتەوێت پێشیبخەیت، یان پەلەی بێبکەیت" پەنجە مۆر و ئیمزای خۆی خستووەتەسەر و بەیعەتی بە ئیمام مەهدی موژدەدراوی چاوەڕوانکراو داوە، بەڵێنیداوە لە ئێستاوە شوێنی فەرمان و بڕیارەکانی بکەوێت و شوێنکەوتەی بێت بۆ چاکسازییەکانی لەسەر زەوی و کۆتاییهێنان بە زوڵم و زۆرداری.
دواتر نوێنەر و قسەکەرەکەی کە کەسێکی نادیار و ناسنامە ئاشکرا نەکراوە، بەناوی ساڵح محەمەد عێراقی (وەزیری قائید) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، دەقی بەیعەتەکەی بڵاوکردەوە و داوای کرد کە سەرجەم شوێنکەوتوان و لایەنگرانی سەدر و ئەوانەی دەیانەوێت بەیعەت بە ئیمامی مەهدی بدەن، مۆر و ئیمزای خۆیان بخەنە سەر بەیعەتنامەکە.
لەوکاتەوە ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتوانی موقتەدا سەدر هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئیمزاکردنی بەیعەتنامەکەیان راگەیاندووە و زۆرینەیان بە خوێن پەنجەمۆری بەیعەتەکە دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکەنەوە.
هەرچەندە پێشتر چەند جارێک سەدر باسی لە ئیمامی مەهدی کردووە، بەڵام رەتیکردوەتەوە خۆی ئەو کەسە بێت، هەڵمەتەکەی ئەمجارەشی بەبێ هیچ رونکردنەوە و لێدوان و فەتوایەک دەستپکردووە و نازانرێت ئامانجەکەی چییە؟.
![](https://sbayb.s3.us-east-1.amazonaws.com/editor/IuWyFyfNuLuHSIjsFeRXdcuCwWmLcwKnStCpZ08k.jpg)
![](https://sbayb.s3.us-east-1.amazonaws.com/editor/g59G2iJ3FdVChJgSgmkOFK9bkQT3pTADgRUAQlWh.jpg)