عمولەی راكێشانی موچە لەڕێگەی ماستەركاردەوە بەرزکرایەوە
  2025-02-13       549       

عمولەی راكێشانی موچە لەڕێگەی ماستەركاردەوە لە هەزار دینارەوە بۆ دوو هەزار دینار بەرزكراوەتەوە. 

ئاوێنە:  ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٣ی شوباتی ٢٠٢٥، بەپێی نوسراوێكی بانكی ناوەندی كە ئاراستەی سەرجەم بانكەكان كراوە بەرزترین ئاستی عمولەی راكێشانی موچە بۆ چوار هەزار دینار زیادكراوە كە پێشتر دوو هەزار دینار بوو. هەروەها عمولەی راكێشانی موچە لەڕێگەی ماستەركاردەوە لە هەزار دینارەوە بۆ دوو هەزار دینار بەرزكراوەتەوە، راكێشانی مووچە لەرێگەی ئامێری POS بەهەمان بڕ بەرزكراوەتەوە لەبەرامبەر راكێشانی هەر ملیۆنێك دینار.

هەر بە بەپێی نوسراوەكەی بانكی ناوەندی، نرخی دەرهێنان و گۆڕینی كارتی بانكی مووچە لەبری ١٠ هەزار دینار بۆ ١٥ هەزار دینار زیادكراوە، هاوكات دەركردنی كارتی جێگرەوە بۆ كارتێكی تێكچوو یان ونبوو كراوەتە ٢٥ هەزار دینار. لەبارەی ئەو بڕیارەوە، سەفا شەمەری شارەزای ئابووری رایگەیاندووە، پێدەچێت بڕیارەكە بۆ پاراستنی قازانجی بانكە ئەهلییەكان داڕێژرابێت لەبری ئەوەی خزمەت بە ئابووری و بەكاربەران بكات، لەكاتێكدا بڕیاربوو بانكەكان پابەندبكرێن بە كەمكردنەوەی رسومات.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێشیوایە، بڕیارەكە رێگری لەبەردەم پارەدانی ئەلیكترۆنی دروستدەكات و سەپاندنی رسومات لەسەر پڕۆسە ئەلكترۆنییەكان هانی هاووڵاتیان دەدات دەست بە پارەی كاشەوە بگرن. ئەو شارەزا ئابووریە  هۆشداری ئەوەی داوە، هەرچەندە تێچووی پارەدانی ئەلیكترۆنی زیاتر بێت، هاندان زیاتر دەبێت بۆ بەكارهێنانی پارەی نەختینە لە دەرەوەی سیستەمی بانكی، ئەوەش دەرگایەكی فراوان بەڕووی خۆدزینەوە لە باج و سووڕانەوەی پارە لە دەرەوەی چاودێری حكومەت دەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×