بەپێی وتەی جێگری بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بەسەر فیرقە و دامەزراوە سەربازییەکاندا دابەشدەکرێت. هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەم دابەشکارییە بەهۆی یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠یە و کێشەیەکی زۆر بۆ میلاکاتی نەخۆشخانەکانی سەربەو دەزگایە دروست دەبێت.
ئاوێنە: هاوژین عوسمان، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند "دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بەسەر فیرقە و دامەزراوە سەربازیەکاندا دابەشدەکرێت، نەخۆشخانەی قەلاچوەلان وەکو نەخۆشخانە دەمێنێتەوە بەڵام لەرووی ئیدارییەوە دەچێتەسەر فیرقەی 10، وە چوارقوڕنە و باوەنوریش وەکو خۆیان دەمێننەوە بەڵام دەچێنەسەر فیرقەی هەشت و شەش، چونکە میلاکەکەیان رێکدەخرێتەوە".
ئاشکراشیکرد "ئەم شوێنانە دەبن بە نەخۆشخانەی سەربازی ئێستا گەر سەیر بکەین لە مەدەنی دەچن دەبن بە نەخۆشخانەی (تەبەبەی سەربازی) میلاکەکەش بەگوێرەی ئەو یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠یە، لەبەر ئەوەی میلاکێکی زۆر هەیە لەگەڵ ئەو رێکخستنەوەیە ناگونجێت".
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی نەخۆشخانەی "شۆڕش"، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە وتی "نەخۆشخانەی شۆڕشیش وەکو یەک نەخۆشخانە دەمێنێتەوە نەک پارچە پارچە ببێت بەپێی هێزی ناوچەکە، بەڵام وەکو ئەوەی نەخۆشخانەکان دادەخرێت ئەوە دوورە لە راستییەوە. ئێستا ئێمە لە قۆناغی رێکخستنەوەی میلاکەکەین و هەیکەلەکە و گونجاندنی لەگەڵ هێزەی ٧٠ و ٨٠".
ناوبراو لەبارەی گرفتی سەرەکی ئەم یەکخستنەوەیە زانیاری دەخاتەروو و، دەڵێت "ئەوەی گرفت دروست دەکات میلاک و خزمەتگوزارییەکان کەمدەبێتەوە، بەڵام بەوجۆرەیە نا کە خەڵک ببێتە مەترسی بۆی". هاوژین عوسمان ئەو حاڵەتەش ئاشکرا دەکات کە ئایا میلاکە زیادەکە چی لێدێت؟ ئەو وتی "ئێمە لای خۆمانەوە میلاکە زیادەکە کە لەرووی سەربازییەوە زیاترە و جێینابێتەوە دەیدەین بە نەخۆشخانە حکومەییەکانی نەخۆشخانەی سلێمانی، چونکە ئەوێش کەموکوڕێ هەیە. هەربۆیە نەخۆشخانەکان مەترسی داخستنیان نییە و هەموومان لەسەر خەتین لەوبارەیەوە، وە لە هەموو فیرقەکاندا ١١ فیرقە دەمێنێتەوە".
بەگوێرەی زانیاری میدیاکان بێت، میلاکی ئەو دەزگایە نەخۆشخانەکانی مام جەلالە و نزیکەی هەزار و ٤٨٠ کەسە واتە (میلاک) و بەپێی رێکخستنەوەکە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ میلاک دەمێنێتەوە.