شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئەمجارە بێجگە لە ناوچە شاخاوییەکان، لە سەنتەری شارەکانیش بەفر دەبارێت.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کەشناسى و بوومەلەرزەزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، دوا نیوەڕۆى پێنجشەممە، 13-01-2025، شەپۆڵێکى بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئاماژە بەوەش دراوە، بارستە هەوایەکى سارد لە ناوەڕاستى ئەورووپاوە ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانى گەرماش زیاتر نزم دەبنەوە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەفرباران هەموو ناوچە سنووریی و شاخاوییەکان دەگرێتەوە، بە تایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان نزیکەی (1000) مەترە. باس لەوەش کراوە، زۆرترین کاتى بەفر بارین، لە شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى و کاتەکانى بەرەبەیانى ڕۆژى هەینى دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کەشناسى و بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەنتەرى سلێمانى و دهۆک، بە تێکەڵى لەگەڵ باران، بەفریش دەبارێت و شێوازى دابارین، نمە باران و بارانى مامناوەند دەبێت. هاوکات، بڕى بارانى پێشبینیکراو بە گشتى لە نێوان (12-18) ملم دەبێت.
وەکوو ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی کردووە، لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى هەینى، کاریگەرى ئەم شەپۆڵە لاواز دەبێت، بەڵام پلەکانى گەرما هەر بە نزمى دەمێننەوە .