بڕیارە شاندی ئیمرالی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممەی داهاتوو (16ی شوبات) شاندەکەیان سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
دواتر شاندەکە دەچنە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە.
شاندەکەی دەم پارتی لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە پێکدێت.
پێشتر شاندەکە دوو جار سەردانی ئیمرالییان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکەدا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
شاندەکەی دەم پارتی زنجیرەیەک دیداریشی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدا بۆ گەیاندنی هەڵوێستی ئۆجالان و وەرگرتنی بۆچوونیان لەسەر پرۆسەکە.