وەزارەتی ناوخۆ: كۆمەڵێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی دەیانەوێت ئاسایشی هەرێم تێك بدەن
  2025-02-09       1352       

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایگەیاند، كۆمەڵێك لایەنی دەرەكی و ناوخۆیی دەیانەوێت داواكارییەكان بەكاربهێنن بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكانی تری هەرێم. دەشڵێت، رێگری لە هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم دەكەن.

ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بڵاوكردەوەو رایگەیاند"کۆمەڵێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بەکاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسادەرچو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن."

ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی لە سنوری سلێمانییەوە بە ئامانجی گەیاندنی داواكاریی مانگرتوانی سلێمانی بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان رێگرییان لێكرا.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتوشیەتی"سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت."

 

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە

جەند رۆژێکە لە سنوری سلێمانی گردبونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوەو تا رادەیەکی باش بەرەوپێشچون هەیە، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا لە هەوڵی چارەسەرکردنی بابەتە هەڵواسراوەکانین.

ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، کۆمەڵێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بەکاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسادەرچو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×