سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر: رەوا نییە دەسەڵات بە هێز روبەڕوی ناڕەزایەتییەكان ببێتەوە
  2025-02-09       414       

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتو و عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و وەفدی باڵای هەردو حزب لە كۆبونەوەیەكدا پشتیوانی خۆیان بۆ داوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دوپات دەكەنەوەو دەشڵێن، رەوا نییە دەسەڵات بە هێز روبەڕوی ناڕەزایەتییەكان ببێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتو، ئەمڕۆ یەكشەممە، بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و گفتوگۆ لەسەر هەندێك پرسی گرنگ و هەنوکەیی بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی لە شاری هەولێر لە مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوی ئیسلامی کۆبونەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا "سەرەتا پرسی مانگرتنی ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە نوێنەرایەتی چین و توێژەکان بە گرنگییەوە باسی لە بارەوە کرا، هەردولا پشتیوانی خۆیان بۆ داوای ڕەوای مامۆستایان دوپاتکردەوە و داخوازییەکانیان بە ڕەواو پێویست زانی و ئەرکی دەسەڵاتە لە کاتی خۆیدا مافی فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران دابین بکات، مافی هاوڵاتییانە بە شێوەی مەدەنیی داوای مافی خۆیان بکەن و ڕەوا نییە لایەنی دەسەڵات کەمتەرخەم بێ لە وەڵامدانەوەیان یان بەهێز ڕوبەڕویان ببێتەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە تەوەرێكی تری گفتوگۆکان قسەو باسکرا لەسەر "شەڕی نابەرانبەری جەنگاوەرانی غەززەو دەوڵەتی داگیرکاری زایۆنی و ئەو سەرکەوتنەی لە شەڕی پانزە مانگەیاندا دانیشتوانی غەززەو فەلەستین بەدەستیانهێنا، جێگەی خۆشحاڵی و ستایشە و، هەردولا هیوایان خواست کۆتایی بە نەهامەتییەکانی خەڵکی فەلەستین بێت و سەرەتایەک بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی زایۆنی کە لەسەر خاکی فەلەستین بونیاد نراوە و هیواشیان خواست دەوڵەتانی ئیسلامیی و گەلانی مسوڵمان هاوکاریی دانیشتوانی خۆڕاگری غەززە بکەن و بەشێک بن لە ئاوەدانکردنەوە و، هەوڵی ڕاگواستنی خەڵکەکەی بۆ شوێنی تر بە ناڕەوا وەسف کرد."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×