هەپەگە راگەیەندراوێكی لەبارەی شەڕی مانگی رابردوی گەریلاو پاسەوانی سنوری عێراق بڵاوكردەوە
  2025-02-09       457       

هەپەگە رایگەیاند، لە مانگی رابردودا، سوپای توركیاو هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق، لە سنوری زاخۆ دو جار هێرشیان كردۆتە سەر گەریلاو لە ئەنجامدا شەڕ دروست بوەو بەهۆیەوە سەربازێكی سوپای توركیا كوژراوە، دو پاسەوانی سنور و دو گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی 21ی مانگی رابردو، سوپای توركیاو هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق، لە ناوچەی نێوان گوندەکانی شیلان، شودن، سۆریا و دەمکای بە زرێپۆش، هەلیکۆپتەری هێرشبەر، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆکەی جەنگی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر هێزەکانمان دەستپێکرد، هێزەکانمان لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوادا بە چەکی تاکەکەسی و نارنجۆکی دەستی وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەی هێزەکانمان، ئەوەندەی ڕونبوەتەوە سەربازێکی توركیا كوژراوەو ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.

ئەو ناوچەیەی هەپەكە باسی كردوە سەر بە ناحیەی باتیفای سنوری زاخۆیە.

هەپەگە ئەوەشی خستۆتەڕو، ڕۆژی 24ی مانگی رابردو، هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە زەمینەوە و سوپای توركیا لە ئاسمانەوە جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر هێزەكانمان لە هەمان ناوچەو هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق هەوڵیاندا گروپێک لە هەڤاڵانمان کە لە ناوچەکەدا بون گەمارۆ بدەن و شەڕ و پێکدادان ڕویدا.

وتوشیەتی، "لەم تێکهەڵچونەدا دو پاسەوانی سنور کوژران و یەکێکیش بریندار بو، هەڤاڵانمان زیلان و دلار، بە ڕۆحێکی  فیداییانەوە، لەم شەڕەدا بۆ ئەوەی بە زیندویی نەکەونە دەستی دوژمن، نارنجۆکەکانیان بە خۆیاندا تەقاندەوە و شەهیدبون."

هەپەگە لەبارەی دواكەوتنی راگەیەندراویان لەبارەی ئەو شەڕانەوە وتویەتی"بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، زانیارییەکان بە دواکەوتنەوە ڕاگەیەندران، هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان، گەریلا مافی خۆیەتی پاراستنی ڕەوا بەکار بێنێت، بەتایبەتی هێزەکانی عێراق و پارتی لە ناوچەکەدا نابێت لە چوارچێوەی پلانەکانی هێرشی دەوڵەتی تورکدا هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان، ئەگەر هێرش بکەن، هێزەکانمان لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوادا وەڵام دەدەنەوە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "ئێمە دەزانین کە هەندێک هێز هەن دەیانەوێت شەڕ لە نێوان ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکەدا بە ناوی عێراق کار دەکەن و هێزەکانی گەریلامان دەستپێبکات، پێویستە هێزە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ئەم بابەتە بن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×