پارتی: تا ئێستا لەگەڵ یەكێتی قسەمان لەسەر پۆستەکانی حكومەت نەكردوە
  2025-02-10       253       

وتەبێژی پارتی رایگەیاند، زۆربەی بابەتەكانی گفتوگۆی نێوان لیژنە تەكنیكییەكانی پارتی و یەكێتی چارەسەركراون، دەشڵێت، تا ئێستا لەگەڵ یەكێتی قسەمان لەسەر پۆستەكانی حكومەت نەكردوە.

ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاند: زۆربەی بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان لیژنە تەکنیکییەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر کراون.

وتی، گفتوگۆکان گەیشتونەتە قۆناغی بیرۆکەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت و تەنیا یەک دو خاڵ ماون کە پێویستی بە گفتوگۆ لە ئاستێکی دیکەدا هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتودا گفتوگۆ دەکرێت و خاڵە ناکۆکەکان کۆتاییان پێ دەهێندرێت.

وتەبێژی پارتی ڕاشیگەیاند: هەردو لا گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی دەبێت پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بکرێت و تەنیا ڕای جیاوازمان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنیەتی و تا ئێستا قسە لەسەر پۆستەکان نەکراوە.

لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا مەحمود محەمەد لەبارەی مانگرتوانی سلێمانی وتی، ناڕازایەتی ڕێگەی پێدراوە، بەڵام کات و هۆکارەکەی جێگای پرسیارن، ئەوەی مانگرتوان داوای دەکەن حکومەتی هەرێمی كوردستان لەمێژە لەگەڵ بەغدا هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×