بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار، لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تۆماركرد.
ئاوێنە: هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی تۆماركردوە لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی فیدراڵ بۆ داكۆكیكردن لە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوەدا كە سكاڵاكە رۆژی 20ی 1ی ئەمساڵ لە دادگای فیدراڵی تۆماركراوە بەڵام هۆكاری ئەوەی كە ئەمڕۆ هەواڵەكەی رادەگەیەنن ئەوەیە كەلەماوەی رابردودا بێدەنگییان هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری دادگا بكەن و پێش بڕیاری دادگا نەكەون.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، لە سكاڵاكەدا داوامان كردوە كە دادگای فیدراڵی، فەرمانێكی وەلائی بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام و بەبێ راوەستان و داوامان كردوە بابەتە هونەرییەكانی وەك میزانی موراجەعەو وردبینی و چاودێری، نەبنە هۆكارێك بۆ دواخستنی موچە.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، رۆژی چوارشەممە 12ی شوبات رۆژی دادگاییكردنەكەیە، چاوەڕێی ئەوە دەكەین دادگای فیدراڵی لەو رۆژەدا بڕیاری دەستوری خۆی لەمبارەیەوە بدات.
هاوڕێ تۆفیق وتیشی"سەرۆك كۆمار داوا لە هەمو خەڵكی كوردستان دەكات كە یەكگرتو بن، هاودەنگ بن و هەمو لایەك هەوڵەكانمان یەك بخەین بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستان و سەرۆك كۆمار وەك قەڵغانێكی دەستوری، پارێزگاری دەكات لە مافەكانی هەمو پێكهاتەكانی عێراق بەبێ هیچ جیاوازییەك."
ئاماژەی بەوەشدا "داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین، چۆن پشودرێژ بون، ئەم چەند رۆژەش دان بەخۆیاندا بگرن و سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتی كۆمار هەمو هەوڵێكی دەستوری دەگرنەبەر بۆ پشتیوانیكردن لە قوت و موچەی هەمو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان."