دامەزراوەی میدیایی گۆڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزێكی ئاسایشی هەولێر هەڵیانكوتاوەتە سەر نوسینگەی كەناڵی كەی ئێن ئێن لە شارەكەو دەستیان گرتوە بەسەر كامێراو مۆبایلی كارمەندەكانمان و سویچ و ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەكانیان لێ وەرگرتون. دەشڵێت، بەتوندی هێرش و پەلاماری چەکداریی بۆ سەر نوسینگەكە سەرکۆنە دەکەین.
ئاوێنە: دامەزراوەی میدیایی گۆڕان، لە راگەیەندراوێكدا وتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزێکی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە، هەڵیانکوتاوەتە سەر نوسینگەی کەناڵی كەی ئێن ئێن لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر کامێرا و مۆبایلی کارمەندەکانمان، سویچ و ساڵيانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەرگرتون و بەشێک لە وێنە و ڤیدیۆی تۆمارکراوی ناو مۆبایلەکانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەکە نوسینگەکەیان بەجێهێشتوە.
وتوشیەتی، ئەم هێرش و پەلامارەی بەناو ئاسایشی هەولێر لەکاتێکدایە، ئاستی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەهۆی نەبونی موچە و نادادپەروەریی، گەیشتوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان.
جەختیشی كردۆتەوە، کەناڵی کەی ئێن ئێن وەک ئەرکی لەپێشینەی خۆی، هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە، لەگەڵ دەنگی خەڵک و خواست و داواکارییەکانیان بوە و بۆ هیچ کاتێکیش پشت ناکاتە خەڵکی بەشخوراوی کوردستان، بۆیە دامەزراوەی میدیایی گۆڕان، بەتوندی هێرش و پەلاماری چەکداریی بۆ سەر نوسینگەی هەولێری کەی ئێن ئێن سەرکۆنە دەکات و پاراستنی کارمەندان و کەلوپەلەکانیشیان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، لە هەمان کاتدا داوا لە رێکخراوەکانی رۆژنامەنوسان و مافی مرۆڤ دەکەین، رێگا لەم جۆرە رەفتارە ناشیرینانە بگرن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەنراوێک لە دامەزراوەی میدیایی گۆڕانەوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ (9/2/2025)، هێزێکی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە، هەڵیانکوتاوەتە سەر نوسینگەی کەناڵی KNN لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر کامێرا و مۆبایلی کارمەندەکانمان، سویچ و ساڵيانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەرگرتون و بەشێک لە وێنە و ڤیدیۆی تۆمارکراوی ناو مۆبایلەکانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەکە نوسینگەکەیان بەجێهێشتوە.
ئەم هێرش و پەلامارەی بەناو ئاسایشی هەولێر لەکاتێکدایە، ئاستی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەهۆی نەبونی موچە و نادادپەروەریی، گەیشتوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان.
کەناڵی کەی ئێن ئێن وەک ئەرکی لەپێشینەی خۆی، هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە، لەگەڵ دەنگی خەڵک و خواست و داواکارییەکانیان بوە و بۆ هیچ کاتێکیش پشت ناکاتە خەڵکی بەشخوراوی کوردستان، بۆیە دامەزراوەی میدیایی گۆڕان، بەتوندی هێرش و پەلاماری چەکداریی بۆ سەر نوسینگەی هەولێری کەی ئێن ئێن سەرکۆنە دەکات و پاراستنی کارمەندان و کەلوپەلەکانیشیان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، لە هەمان کاتدا داوا لە رێکخراوەکانی رۆژنامەنوسان و مافی مرۆڤ دەکەین، رێگا لەم جۆرە رەفتارە ناشیرینانە بگرن.
جارێکی تر ئەوەی دەمانەوێت لە میدیای گۆڕان دوپاتی بکەینەوە، ئەوەیە هیچ رەفتارێکی لەم جۆرە ناتوانێت بۆ ساتێکیش لە گواستنەوەی راستییەکان و خەم و ئازاری خەڵک جیامان بکاتەوە.
دامەزراوەی میدیایی گۆڕان
9-2-2025