وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجامی پشكنینەكان دەریانخست كە لە هەرێمی كوردستان جگە لە مەخمور هیچ حاڵەتێكی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار نەكراوە، بۆیە رێگە بە بردنی مریشك و بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێم بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەدەن.
ئاوێنە: فەرمانگەی ڤێتەرنەری سەربە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، رێگەی بردنی مریشك و بەرهەمەكانی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێم بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەدرێت، ئەوەش دوای ئەوە پكشنینەكان دەریانخستوە هیچ حاڵەتێكی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە لەو كێڵگانە تۆمار نەكراوە جگە لە مەخمور كە یەك حاڵەتی توشبون بەو ڤایرۆسە تۆماركراوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەنجامی پشكنینەكان ئەوەیان دەرخستوە كە تەنیا لە كێڵگەیەكی پەلەوەر لە مەخمور حاڵەتێكی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆماركراوە، بۆیە نوێنەرایەتی هەرێم ئاگاداركراوەتەوە لەوەی رێكارەكان لە مەخمور بگیرینە بەر بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكەو كەرەنتینكردنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی ناوچەكە و بەخێوكردنی مریشكیش لەو ناوچەیە بۆ ماوەی سێ مانگ رابگیرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 27ی مانگی رابردو، فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، فەرمانگەكەیان رێگە نادات هیچ مریشك و بەرهەمێكی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە هەرێمی كوردستانەوە ببرێتە پارێزگاكانی دیكەی عێراق تا ئەو كاتەی پكشنینە تاقیگەییەكان ئەوە یەكلایی دەكەنەوە كە هیچ حاڵەتێكی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەریم تۆمار نەكراوە.