دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئیسرائیل كەرتی غەززە رادەستی ئەمریكا دەكات و لەوێ ئەمریكا یەكێك لە گەورەترین و سەرنجڕاكێشترین پڕۆژەكان سەر روی زەوی دروست دەكات.
ئاوێنە: سەرباری ناڕەزایەتییەكان لەبارەی پێشنیارەكەی بۆ راگواستنی خەڵكی غەززە لە ناوچەكەیان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا سورە لەسەر پێشنیارەكەی و ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگ، ئیسرائیل غەززە رادەستی ئەمریكا دەكات و فەلەستینییەكان لە كۆمەڵگەی ئارامتر و جوانتر و لەنێو ماڵی نوێ و مۆدێرن لە ناوچەكە نیشتەجێ دەكرێن و دەرفەتی ژیانێكی خۆشگوزەران و ئارام و ئازادیان بۆ دەڕەخسێنرێت.
وتوشیەتی، دوای ئەوە ئەمریكا بە هاوكاری تیمە باشەكانی گەشەپێدان لە سەرتاسەری دنیا، لەسەرخۆو بەوریایی دەست دەكات بە بونیادنانەوە لە غەززە كە دەبێتە یەكێك لە گەورەترین و سەرنجڕاكێشترین پڕۆژەكانی گەشەپێدان لەسەر روی زەوی.
جەختیشی كردۆتەوە، بۆ ئەو كارە پێویستیان بە سەربازی ئەمریكی نەبێت و بەوەش سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەدا دەكێشێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رۆژی سێشەممە، پێشنیاری ئەوەی كرد كە خەڵكی غەززە بگوازرێنەوە بۆ میسر و ئوردن و وڵاتانی دیكە بەو پاساوەی كە غەززە بۆتە وێرانەو شوێنی ژیانكردن نییە. بەڵام پێشنیارەكەی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەكگرتوەكان و بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهانەوە روبەڕوی رەخنەی گەورە بۆتەوە.